ئەستێرەیەکی تۆپی پێی کورستان کۆچی دواییکرد

ئەستێرەیەکی تۆپی پێی کورستان کۆچی دواییکرد

فەیزۆ بە درێسی یانەی هەولێر

19 ئاب
راپۆڕت

ئاڤا سپۆرت

فەیزۆی یاریزان و ئەستێرەی پێشووی کوردستان و عێراق بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایکرد و تەنها ساڵێک بەرگەی نەخۆشییە مەترسیدارەکەی گرت.


چیرۆکەسەرکییەکە: فه‌یزوڵڵا عوسمان، له‌ 1969 لەنێو چیاکانی کوردستان له‌دایكبووه‌ چونکە دایک و باوکی ئەوکات پێشمەرگە بوونە، لای هاوڕێكانی به‌فه‌یزۆ ناسراوه‌، هه‌تا وا بانگی نه‌كه‌یت كه‌س نایناسێته‌وه‌، كوڕی شه‌هید خه‌جه‌ باوه‌یه‌، كه‌ یه‌كه‌م ژنه‌ شه‌هیدی راپه‌ڕینه‌كه‌ی به‌هاری 1991ـی شاری هه‌ولێره‌، ئه‌و شێره‌ ژنه‌ی كاتێك بۆ رزگاركردنی هه‌ولێر له‌پێشی پێشه‌وه‌ بوو، گیانی خوی كرده‌ قووربانی نیشتیمانه‌كه‌ی.


وێنە گەورەکە: فه‌یزۆ سه‌ره‌تای وه‌رزشی له‌بنكه‌ی ورزشی لاوانی هه‌ولێره‌وه‌ بوو، جوله‌ ورد و خێراكانی و بڕینه‌كانی سەرەنجی هه‌موو راهێنه‌ران و هانده‌رانی بەلای خۆیسا ڕاکێشابوو، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی له‌یاركردن هه‌بوو، كه‌ وای لێكردبوو له‌ناوه‌ڕاستی یاریگه‌ جیاواز له‌وانی دیكه‌ ده‌ربكه‌وێت، له‌وه‌رزی 1993 – 1994، بۆ یه‌كه‌مجار په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كات، دواتر بۆ یانەکانی برایەتی تورکمان یاریدەکات، بەهۆی خراپی دۆخی دارایی ناوەراستی ساڵانی نۆوەدەکان روو له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌كات.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: جوانترین بیرەوەری نێوان هاندەرانی هەولێر و فه‌یزۆ له‌ 1998 بوو، کە هەولێر لە کلاسیکۆی عێراق ڕووبەڕووی یانەی دهۆکی راکابەری سەرسەختی دەبوویەوە، فەیزۆ لەو یارییەوەک سووپەر ستارێک دەردەکەوێت و دڵی ٢٠ هەزار هاندەری هەولێر خۆشدەکات، هەولێر یارییەکەی بە ئەنجامی(٢-٠) بردەوە و فەیزۆ بە پیاوی یارییەکە دیاریی کرا.

 

لە لایەکی دیکەوە: فەیزۆ هەرکاتێک لە غەریبی دەگەڕایەوە یەکەم شوێن سەردانی دەکرد قەڵای هەولێربوو، لەوێ بیرێکی  لە بیرەوەرییەکانی ڕۆژانی گەنجییەتی دەکردەوە، دواتر بەنێو کوچە و دووکانەکانی بازاڕی قەیسەری وشەقامی باتا دەسووڕایەوە دۆست و هاوڕێکانی بەسەر دەکردەوە.


لە دەرەوە ژیان: فەیزۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا ماڵەکەی خۆی کردبووە پەناگەیەک بۆ ئەو کوردستانیانەی ڕوویانتێدەکرد و هەمیشە باوەشی بۆ دەکردنەوە خزمەتی دەکردن.


زانیاریی زیاتر: فەیزۆ لەنێو دۆست و هاوڕێکانی بە حەق بێژ و ڕاستگۆ ناسرابوو هەمیشە رەخنەی لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی یانەکانی کوردستان گرتووە، ئەو خەونی ئەوەی هەبوو ڕۆژانێک لە هەولێر مناڵانی کوردسستان فێری جولە و بڕین و گۆڵ تۆمارکردن بکات، بەڵام سەد حەیف نەخۆشییە نەگریسەکەی فەیزۆ تەنگی بەو ئەستێرەیەکی پێشووی هەولێر هەڵچنی و دوای ساڵێک لە تووشبوونی ڕۆژی ١٩ ئابی٨ ٢٠٢٤ ماڵئاوایی لە هاوڕێ و کەس و کار و وەرزشوانانی کوردستان کرد.