هەشتەم وەشانی جامی لەیڤەر لە سان فرانسیسکۆ بەڕێوەدەچێت

هەشتەم وەشانی جامی لەیڤەر لە سان فرانسیسکۆ بەڕێوەدەچێت
21 ئەیلوول
جیهان

جامی لەیڤەر بۆ جاری هەشتەم لە مێژوودا ئەنجام دەدرێت و ئەمجارە سان فرانسیسکۆ میوانداریی پاڵەوانییەتییەکە دەکات.

جامی لەیڤەر کە پاڵەوانییەتییەکی پەسندکراو و فەرمییە لە ATP و ئەنجامەکانی لە تۆماری فەرمی یاریزانەکاندا تۆمار دەکرێت، لە وەشانی هەشتەمیدا لە سان فرانسیسکۆی ئەمریکا لەنێوان تیمی ئەوروپا و تیمی جیهان لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت.
جامەکە وەکو ڕێزێک لە ئەفسانەی ئوسترالی (ڕۆد لەیڤەر) ساڵانە لە یاریگای ڕەق ئەنجام دەدرێت، کە پێویستە یاریگایە هۆڵی داخراو بێت یاخود بنمیچی هەبێت و دابخرێت. پاڵەوانییەتییەکە لە ماوەی سێ ڕۆژدا کە ڕۆژانی هەیینی، شەممە و یەکشەممەیە ئەنجام دەدرێت، یارییەکانی ڕۆژی یەکەم لە ڕۆژ و شەودا ئەنجام دەدرێن، یارییەکانی ڕۆژی سێیەمیش سەرجەمیان لە ڕۆژدا ئەنجام دەدرێن.
جامی لەیڤەر لە هەر ڕۆژێکدا چوار یاریی تێدا ئەنجام دەدرێت، سێ یاریی لە ئاستی تاک و یارییەکیش لە ئاستی دووانەدا. ساڵانە شارەکانی ئەوروپا و تەواوی جیهان بە نۆرە میوانداری جامەکە دەکەن و دوو هەفتەی دوایی پاڵەوانییەتی ئەمریکای کراوە بەڕێوەدەچێت.
هەر تیمێک لە ڕاهێنەر، یاریدەدەری ڕاهێنەر و شەش یاریزان پێکدێت، هەر تیمێک دەتوانیت تاوەکو دوو یاریزانی دیکە وەکو یەدەگ بەشداری پێبکات. سێ یاریزان کە لە سەرەوەی ڕیزبەندیی جیهانین لە هەر تیمێک لە دووشەممەی دوای پاڵەوانییەتی ڕۆلان گارۆس بانگێشتنامەی بەشداریکردنیان پێدەگات، ئەگەر یاریزانێک لەو یاریزانانە بەشداریی نەکرد ئەوا بانگێشتنامەکە دەدرێت بە یاریزانی ڕیزبەندی دواتر. سێ یاریزانەکەی دیکە کە دەمێننەوە لەلایەن ڕاهێنەری تیمەکەوە دیاری دەکرێن و پێویستە پێش دەستپێکردنی پاڵەوانییەتی ئەمریکای کراوە ناوەکانیان دیاری بکرێن. هەر تیمێکیش لەلایەن ئەفسانەیەکی تێنسەوە ڕاهێنەرایەتی دەکرێت.

یانک نۆوا ڕاهێنەر و تیم هێنمان یاریدەدەری ڕاهێنەری تیمی ئەوروپا، ئاندرێ ئاگاسی ڕاهێنەر و پاتریک ڕافتەر یاریدەدەری ڕاهێنەری تیمی جیهان دەبن. ڕاهێنەرەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە سەرکردایەتی تیمەکان، ئەوان بەرپرسن لە هەڵبژاردنی یاریزانەکان، دیاریکردنی پێکهاتەی ڕۆژانە و سەرکردایەتیکردنی تیمەکە لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگادا.
یاریزانانی تیمی ئەوروپا بۆ ئەمساڵ پێکدێن لە؛ کارلۆس ئەلکاراز، ئەلیکساندەر زڤێرێڤ، هۆلگەر ڕوون، کاسپەر ڕوود، جەیکەب مێنسیک، فلاڤیۆ کۆبۆلی و تۆماس ماخاچ.
تیمی جیهان پێکدێن لە؛ تایلەر فریتز، ئەلێکس دی مینۆر، فرانسیسکۆ سێروندۆلۆ، ئەلێکس میکلسن، جواو فۆنسێکا، ڕێیلی ئۆپێلکا و جێنسن برووکسبی.

هەر یاریزانێکی بەشداربوو بڕێک پارە بەرامبەر بەشداریکردنی وەردەگرێت، ئەگەر تیمەکەشی براوەبێت 250 هەزار دۆلار وەکو خەڵات وەردەگرێت. تاوەکو ئێستا حەوت وەشانی جامەکە ئەنجامدراوە، تیمی ئەوروپا بە پێنج بردنەوە باڵادەستە و تیمی جیهانیش دوو جار نازناوەکەی بەدەسهێناوە.
یارییەکان لەسەر ئاستی تاک و دووانە بەشێوەی باشترین لە سێ کۆمەڵە دەبێت، واتە براوە دەبێت دوو کۆمەڵە بباتەوە، لە کۆمەڵەی یەکەم و دووەم (ئەدڤانتج –
AD) بوونی دەبێت، کۆمەڵەی سێیەمیش بەشێوەی سوپەر تایبرێک دەبێت لەسەر 10 خاڵ.
هەر یاریزانێک پێویستە بە لایەنی کەمەوە یارییەکی تاکەکەسی لە ماوەی دوو ڕۆژی سەرەتا ئەنجام بدات، هیچ یاریزانێک ناتوانێت زیاتر لە دوو یاریی تاکەکەسی لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەنجام بدات. بە لایەنی کەمەوە چوار یاریزان لە شەش یاریزانەکە دەبێت یاریی دووانە ئەنجام بدەن، هەروەها نابێت هەمان دووانە زیاتر لە جارێک بەیەکەوە یاریی بکەن، تەنیا لە ئەگەری یاریی یەکلاکەرەوە نەبێت لە ڕۆژی سیێەم، کاتێک خاڵی تیمەکان 12-12 دەبێت. ئەگەر لە کۆتایی هەموو یارییەکاندا خاڵەکان بە ئەنجامی 12-12 خاڵ یەکسانبوون، ئەوا یارییەکی کۆتایی دووانە وەکو یاریی یەکلاکەرەوە زیاد دەکرێت، کە یارییەکە یەک کۆمەڵەی ئاسایی دەبێت.
تیمی براوە بەرامبەر بردنەوەکان لە ڕۆژی یەکەمی پاڵەوانییەتییەکدا خاڵێک وەردەگرێت و لە ڕۆژی دووەمدا دوو خاڵ، لە ڕۆژی سێیەم و کۆتاییدا دەبێتە سێ خاڵ بۆ هەر بردنەوەیەک. هەر کاتێک تیمێک گەیشتە 13 خاڵ لە کۆی 24 خاڵ، ڕاستەوخۆ دەبێتە پاڵەوانی جامەکە.

کرێکار ڕەسوڵ

هەواڵساز
کرێکار ڕەسوڵ