هەڵبژاردەکان بۆتۆ
نەورۆز وەرزشی سلێمانی زیندوو كردووەتەوە
شەیری بکە لە:

وێنەی یاریگەی سلێمانی لە كاتی یاریی نەورۆز
یانەی نەورۆز لەم چەند ساڵەی دواییدا گیانی بەبەر وەرزشی شارێكدا هێنایەوە، ئەگەر تۆزێك بگەڕێینەوە سەردەمی چەند ساڵێك بەر لە چوونی یانەی نەورۆز بۆ نێو خولی ئەستێرەكانی عێراق و ڕیزی یانە گەورەكان.
دەبینین لە سلێمانی لە بەهێزترین یارییدا ژمارەی هاندەران چەند سەد كەسێك تێپەڕی نەدەكرد، هەندێكجار ژمارەی یاریزانەكان بە سەرەكی و یەدەگەوە لە ژمارەی هاندەرانی نێو پەیژەكانی یاریگەكان زیاتر بوو.
كێشەیەكی دیكەی سەردەمی بەر لە گەڕانەوەی یانەی نەورۆز بۆ ڕیزی گەورەكان، نەمانی حەز و خولیایی وەرزش و تۆپی پێ بوو لەنێو گەنج و لاوی ئەمشارە، لە كاتێكدا پێشووتر سلێمانی لە هەموو سەردەمێكدا پڕ لە یاریزان و بەهرەمەندی تۆپی پێ بووە.
من باسی یارییە تاكییەكان ناكەم، كە هەردەم لێرە و لەوێ یاریزانی تاك تاك لە یارییە تاكییەكان سەریهەڵداوە و نازناوی بۆ سلێمانی بەدەستهێناوە، بەڵام لە گۆشەیەكی بچووكی بینینی هاندەران ڕاگەیاندكاران بووە، نەیتوانی هاندەرێكی زۆر لە خۆی كۆبكاتەوە.
یانەی نەورۆز لەگەڵ گەڕانەوە و سەركەوتن بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق ئێستا وەرزشی سلێمانی ئاوەدانكردووەتەوە، بە جۆرێك یاریی لە یاریگەی سلێمانی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق هەبێت، نزیكەی 15 هەزار كەس زیاتر، لە یاریگەی سلێمانی ئامادەدەبن.
ئەمە دەمێكە یاریگەكانی سلێمانی دیمەنی وا جوانی بەخۆیەوە نەدیووە، لایەنێكی دیكەی باشی گەڕانەوەی نەورۆز ئێستا گەورە و بچووكی ئەم شارە وردە وردە بۆ هاندان و سەیركردنی یارییەكان بە یاریگەكانی سلێمانی ئاشنا دەبنەوە.
ئێستا لە سلێمانی بەهۆی دەركەوتنی ئاستێكی باشی یانەی نەورۆز ئەو هاندەرە زۆرەی یانەكە و گەڕانەوەی جۆش و خرۆشی خەڵكەكە بۆ وەرزش ، گەنج و لاوەكان و مناڵانی ئەم شارەش خولیا و حەزی یاریكردن و مەشقكردنیان بۆ گەڕاوەتەوە، بۆیە دەبینین ڕوو لە فێرگە و ئەكادیمیكانی ئەو شارە دەكەن، بە خەونی ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان درێسی یانەی نەورۆز بپۆشن.
یانەی نەورۆز سەردەمێكی نوێبوونەوەی وەرزشی بۆ سلێمانی هێناوەتەوە كایەوە، ئەگەر كێشەی بۆ درووست نەكەن، ئەوا ئایندەیەكی گەشتر بۆ نەورۆز و سلێمانی لە یاریی تۆپی پێدا دێتەئاراوە.

سەبسکرایبی هەواڵنامە و ئاگادارکردنەوەکانمان بکەن
© 2024 Audio Video Advertisement Entertainment & Sports Company For Satellite Broadcasting LTD.