هەڵبژاردەکان بۆتۆ
جارێ ئیشمان بە عێراقە
شەیری بکە لە:

لە هەموو ئاستێکدا لە عێراق ململانێ هەبێت، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و وەرزشی ململانێیەک بوونی نییە کە شایەنی زەقکردنەوە بێت. لە عێراقی نوێ پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان وەرزشی کوردستان و عێراقدا هەیە. تۆپی پێی کوردستان یەک ڕێگەی گەشەکردنی هەیە، یەک ڕێگەی دەستگەیشتنی هەیە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانییەتییە کیشوەرییەکان. یانە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی خولی عێراقدا دەتوانن لەسەر ئاستی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی بەشداریی پاڵەوانییەتییە جۆراوجۆرەکان بکەن. لە ساڵانی ڕابردوو دەیان یاریزانی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراون و نوێنەرایەتی من و تۆی کورد دەکەن. ئەگەر عێراق ئەو مافەی لە یاریزانی کورد زەوتبکردایە کە لە هەڵبژاردەی عێراق یاریبکەن، یەکەم کەس دەبووم لە دژی هەڵبژاردەکە دەهاتمە دەنگ، بەڵام کاتێک لەسەر بنەمای ئیتنیکی و مەزهەبی بڕیار لەسەر وەرزش نادرێت، پێویست بە دەمارگیریی نەتەوەیی ناکات. ئێمە ساڵانە یانەکانمان نزیکەی 30 ملیار دینار لە چالاکییەکانی تۆپی پێی عێراق خەرج دەکەن، شانازیی دهۆکمان لە جامی کەنداو بوو، کە لە چوارچێوەی عێراقدا ئەو مافەی هەبووە بەشداریی بکات. شانازییەکانی هەولێر لە بەدەستهێنانی چوار نازناوی خولی عێراق بووە. ئێمە لەبەردەم دوو بژاردەداین، یان ئەوەیە هانی هەڵبژاردەی عێراق بدەین کە پشکمان هەیە و ژمارەیەک یاریزانی هاوزمانی ئێمە نوێنەرایەتی دەکەن، یان ئەوەتا بڵێین منەتمان بە وەرزشی عێراق نییە و پێویستیمان بەو شانازییە نییە و پیرۆزتان بێت! هەنگاوی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی لەباربردنی خەونی دەیان یاریزانی کورد.
ئێمە چی بکەین لە قازانجمانە؟ دەتوانین هانی عێراق نەدەین و گرنگی پێنەدەین، کەسیش لەسەر ئەمە لۆمەمان ناکات، بەڵام هەر دژایەتیکردن و هەر سەنگەرگرتنێک لە وەرزشی عێراق، زیان بە وەرزشوان و یانە وەرزشییەکانمان دەگەیەنێت، مادام دەوڵەت نین و لە چوارچێوەی عێراقداین، لێرەدا گرنگە بە حیکمەتەوە هەڵسوکەوت بکەین، نەبینە بارگرانی و دروستکردنی سەرئێشە بۆ یاریزانانی کوردستان کە دەیانەوێت لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکە یاریبکەن و گەشە بکەن، بۆیە گرنگە ئیستیغلالی عێراق بکرێت، بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشی خۆمان بەرەو پێش ببەین، تاوەکو ئەو رۆژەی دەگەین بە خەونی لەمێژینەمان کە دروستکردنی دەوڵەتی کوردییە. کەی گەیشتین بەو رۆژە، ناچارنین، خەونی خۆمان بەزۆر بە خەونی وڵاتی دیکەدا هەڵبواسین.
ئەوەی ئێمە دەیکەن مامەڵەیەکی ژیرانەیە لەگەڵ ئەمری واقیع، واقیعێک کە سەپاوە. مادام بڕیاربەدەستی یەکەمی وەرزشی عێراق، کورد نییە، باشترە بەبێ پلان و بێ بینینی هەنگاوی داهاتوو، هەنگاوی هەڵە نەنێین و سەرئێشە بۆ وەرزشوانی کورد دروست نەکەین. بۆ من ئاسانە کار لەسەر ئەو وەتەرە بکەم خەڵک هانبدەم لە دژی هەڵبژاردەی عێراق بن، بەڵام ئەم ڕقە جگە لە زیادکردنی برینێکی دیکە هیچمان دەستناکەوێت. پێتوایە دژایەتیکردنی هەڵبژاردەی عێراق، ئەو هەنگاوە دروستە بێت، کە وەرزشوان و یانە وەرزشییەکانی کوردستان دڵخۆش بکات، پێتوایە ئەمە پێگەی وەرزش و وەرزشوانی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق بەهێز دەکات؟ بێگومان نەخێر، جا بۆیە با وەرزش ئەو هەوێنی خۆشەویستییە بێت کە کۆمان دەکاتەوە، با ئەوەش لەناو خۆماندا بەشبەشمان نەکات و نەمانکات بە نەیاری یەکدی.

سەبسکرایبی هەواڵنامە و ئاگادارکردنەوەکانمان بکەن
© 2025 AVA Media Group & Sports Company For Satellite Broadcasting / Ltd.