هەڵبژاردەکان بۆتۆ
ژمارەی گۆڵ نایخوات شکستەکان لەیەک دەچن
شەیری بکە لە:

ئەم دوو شکستەی ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە، برینێکی قووڵ و بەتاڵکردنەوەی جادووی هەردوو ڕاهێنەر بوو. ئەم دوو شکستە شەپازللەیەکی تەکتیکی بوو بەر ڕوومەتی فلیک و ئەلۆنسۆ کەوت.
شکستی ڕیاڵ مەدرید لە دێربی و شکستەکەی بەرشەلۆنە بەرامبەر پاریس تەنیا لە ژمارەی گۆڵدا لەیەک ناچن، بەڵام لە زۆر ڕووەوە دوو دیوی یەک دراون و لە یەک دەچن. با سەرەتا واز لە ژمارەی گۆڵەکان بهێنین، چونکە شۆکەکە لەوە گەورەترە بمانپەرژێتەسەر ئەوەی لایەک پێنج گۆڵی لێکراوە و لایەکەی دیکە لە دوا خولەک دۆڕاوە. زۆر خاڵی هاوبەش هەن، لەم دوو شکستەدا لە یەک دەچن. شکستەکەی بەرشەلۆنە لەگەڵ فلیک، یان پێشنەی نەبووە، یاخود دەگمەنجار تووشی دۆخی لەمشێوەیە بووە. بەرشە نەوەک تەنیا ئەنجام، تەنانەت هەموو شتێکی یارییەکەی دۆڕاندووە، ئاخر قورسە بۆ بەرشەلۆنە لە هەموو ئاستەکاندا تووشی شکست بێت، لە خاڵێکدا بەسەر تیپی بەرامبەر سەرکەوتوو نەبێت. لە ستایلی یاریی، لە گوشارکردن و توانای جەستەیی، تەکتیک، فەلسەفەی یاریکردن، ململانێ تاکەکەسی و باڵادەستی، هەمووی دۆڕاند. لە کام گۆشەوە سەیری بکەین، بەرشەلۆنە دۆڕاوە، هێڵی ناوەڕاستی بەرشەلۆنە شکا، باڵی بەرگریی شکا و باڵی هێرشبەری ئیفلیجکرا. خوێندنەوەی ڕاهێنەر، گۆڕانکارییەکانی، پلانەکەی هەمووی هەڵەبوو، هەڵەش نەبووبێت، ئێنریکی شکستیپێهێنا، بۆیە ئەمە شۆکە بۆ هەموومان، پێش هەر کەسێک هانسی فلیک لە شۆکدایە، ئەمە یەکێک بوو لەو شکستانەی سەردەمی فلیک کە بەتەواوی دانیبەوەدانا، تیپی بەرامبەر لە هەموو ڕوویەکەوە شایستەی بردنەوە بوو. یەکەمجار نییە بەرشەلۆنەی فلیک دەدۆڕێت، بەڵام یەکەمجارە زەلیل و تەسلیمی تەکتیکی تیپی دژبەر دەبێت. بۆ بەرشەلۆنەی فلیک ئاسان نییە بەجارێک هەموو شتێکی دۆڕاندبێت، ئەمە بە ئازارە. هەرگیز بەو ڕادەیە ڕەخنەی هەمەچەشن لە فلیک نەگیراوە، بەهۆی شکستی یەک یارییەوە. هەمان شت بۆ ڕیاڵی ئەلۆنسۆش ڕاستە، سیمیۆنی، چابی ئەلۆنسۆی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا. پێمانیگوت، شێوازی یاریی تیپەکە، ستایلی تەکتیکی چابی جێی خۆی نەگرتووە و ئیشی خۆی نەکردووە، زۆر جار ڕیاڵ بە ئاست و تەکتیک دەدۆڕێت، بەڵام بە ئەنجام دەیباتەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ئەتلەتیکۆیەکی خاوەن شێوازی بەرگریی، بەوجۆرە ڕیاڵ دەشێوێنێت و شیرازەی تێکدەدات و ناچاری دەکات بەرگریشی پێنەکرێت. سیمیۆنی توانی ڕیاڵ بگەڕێنێتەوە خاڵی سەرەتا. بە یەک یاریی دەیان کێشە بەدیارکەوت، بە یەک شکست لە چەندین ڕووەوە، گومان لە پڕۆژە و تەکتیکی ئەلۆنسۆ کرا، بۆیە ئەم دوو شکستە بۆ ڕاهێنەرەکان برینێکی قوڵ و بەتاڵکردنەوەی جادووی هەردوو ڕاهێنەر بوو. ئەم دوو شکستە شەپازللەیەکی تەکتیکی بوو، بەر ڕوومەتی فلیک و ئەلۆنسۆ کەوت بۆیە کێشەکە لە ئەنجام و ژمارەی گۆڵ قووڵترە، چونکە سیمیۆنی هیچی تیانەهێشتەوە تا بەرگریی لە چابی بکەین، یان لە خالێکدا بیانوو بۆ شکستەکەی بهێنینەوە. ئەم دوو شکستە ئاوێنەیەک بوو، درایە دەستی فلیک و ئەلۆنسۆ، تا حەقیقەتی خۆیانی تێدا ببینن. ئەم شکستانە، خەبەردارکردنەوەی هەردوو ڕاهێنەر بوو لە زۆر کێشەی جەوهەری کە پشتگوێخرابوو.

سەبسکرایبی هەواڵنامە و ئاگادارکردنەوەکانمان بکەن
© 2025 AVA Media Group & Sports Company For Satellite Broadcasting / Ltd.