چیرۆکی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و سروودی بەرشەلۆنە

چیرۆکی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و سروودی بەرشەلۆنە

ئاهەنگێڕانی یاریزانانی بەرشەلۆنە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ

4 حوزەیران
راپۆڕت

ئاڤا سپۆرت

 

ریاڵ مەدرید، لە ساڵی 1997ەوە بڕیاری داوە ڕێگە نەدات هیچ یارییەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە نێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام نەدرێت، ئەگەر هاتوو بەرشەلۆنە لە یاریی کۆتاییدا بەشدار بێت. 

 

چیرۆکە سەرەکییەکە: لە ساڵی 1997 یانەکانی بەرشەلۆنە و ریاڵ بێتیس گەیشتنە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا و یارییەکەش لە نێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچوو، بەرشەلۆنە توانی ئەو یارییە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بباتەوە و ببێت بە پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا. 

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دوای بردنەوەکەی یانەی بەرشەلۆنە، خوان گاسپارت، جێگری سەرۆکی یانەکە بە خێرایی خۆی گەیاندە ژووری کۆنترۆڵی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ و بڕی پارەیەکی بە ستافی کۆنترۆڵ دا، بۆ ئەوەی سروودی یانەی بەرشەلۆنە لە سپیکەرەکانی یاریگا هەڵبکرێت، بە دوای ئەوەشدا دەرگای کلیل دا و ژوورەکەیان چۆڵکرد. 

 

زانیاریی زیاتر: یاریزانانی بەرشەلۆنە جامەکەیان بەرز دەکردەوە و ئاهەنگیان دەگیڕا، لەناکاو سروودی بەرشەلۆنە هەڵکرا و هاندەرانی یانەکەش یاریگایان بە ئاڵای کەتەلۆنیا داپۆشی و سروودەکەیان دەگووتەوە. 

 

توڕەبوونی مەدریدییەکان: کاتێک کارگێڕی یانەی ریاڵ مەدرید ئەو دیمەنەیان بینی، بەپەلە خۆیان گەیاندە ژووری کۆنترۆڵ، بەڵام تا ئەو کاتەی توانیان دەرگاکە بکەنەوە و بچنە ژوورەوە، سروودەکە شەشجار لە نێو یاریگادا دووبارە بووەوە، بە دوایدا دەستەی کارگێڕی ریاڵ مەدرید تووڕە بوون و ڕایانگەیاند کە لەمەودوا بەرشەلۆنە بۆی نییە یاریی کۆتایی جامەکان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام بدات. 

 

ئەوەی لەم بارەیە دەگوترێت: هیسترۆ ستۆیچکۆڤ و پێپ گوادیۆلا، کە ئەوکات یاریزانی بەرشەلۆنە بوون، ڕایانگەیاند کە ئەو ساتە یەکێک بوو لە پڕ چێژترین ساتەکانی ژیانیان و هەرگیز ئەو شەوە لە یاد ناکەن. 

 

باکگراوند: سروودی بەرشەلۆنە ناوی ''کانت دێل بارسا''یە، کە بە واتای هاواری بەرشە دێت و لە ساڵی 1974 بۆ یادی دامەزراندی بەرشەلۆنە لە لایەن خوایمی پیکاس و جۆسێپ ماریا ئێسپیناس نووسراوە.

نۆڤین مەجید

پرۆدوسەر
نۆڤین مەجید