هەڵبژاردەکان بۆتۆ
پاکێتا نزیکە بۆ هەتا هەتایی ڕابگیرێت
شەیری بکە لە:

لوکاس پاکێتا، یاریزانی یانەی ویستهام یونایتد
ئاڤا سپۆرت
لوکاس تۆلینتینۆ کۆلیهۆ دیلیما ناسراو بە (پاکێتا) ترسی ئەوەی لەسەرە بۆ زیاتر لە 10 ساڵ لە تۆپی پێ ڕابگیرێت، یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا دەڵێت فێڵی کردوە و ناوبراویش دەڵێت بێ تاوانم.
چیرۆکە سەرەکییەکە: یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا لەماوەی زیاتر لە هەشت مانگی رابردودا لێکۆڵینەوەی وردیان کردوە لەسەر پاکێتا کە بزانن گرەوی بە یاریەکانی پرێمەرلیگەوە کردوە یاخود نا.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: گومانەکان لەوکاتەوە دروستبوون کە لە سێ یاری پرێمەرلیگی وەرزی پێشوو بەرامبەر لیستەر سیتی، ئاستۆن ڤێلا و لیدز یونایتد، ژمارەیەکی زۆر لە دورگەی (گوانبارا بەی) نزیک ڕیۆ دیجانێرۆ گرەویان لەسەر ئەوە کردبوو لە پاکێتا کارتی زەرد وەردەگرێت و روداوەکەش ڕوویدا.
لە لایەکی دیکەوە: دواتر یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا لێکۆڵینەوەیان بە نهێنی دەستپێکرد و بۆ ئەم وەرزەش هەمان ڕووداو لە یاریی بەرامبەر بۆرنمۆس دووبارە بووەتەوە، کە خەڵک گرەویان لەسەر کارت زەردی پاکێتا کردووە و ئەویش وەریگرتووە.
کاریگەری و لێککەوتەکان: لێکۆڵینەوەکان دواتر ئاشکرا بوون و کار گەیشتە ئەوەی مۆبایلی پاکێتا بپشکنرێت، هەفتەی پێشوو بڕیاری کۆتایی درا و پاکێتا تۆمەتبارە بە شکاندنی دوو یاسای خولی ئینگلیزی، کە هەردووکیان باس لەوەدەکەن یاریزانەکە لە بەرژەوەندی لایەنێک بە ئەنقەست لە یاریگادا جوڵاوەتەوە، هەروەها خاڵێکی تریشی باسکراوە کە پاکێتا هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی نەکردووە.
لێدوانە فەرمییەکان: پاکێتا هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوەو دەڵێت ''هاوکاری باشی لێکۆڵینەوەکانم کردووە''.
ئەوەی پێشبینی دەکرێت: پاکێتا کە بانگهێشتی کوپا ئەمریکا کراوە چاوەڕێ دەکات لە 3ی حوزەیراندا سزاکان ڕابگەیەنرێت و تا ئێستا دیار نییە کە سزاکەی چی دەبێت، بەڵام لە ڕابردوودا ئەم جۆرە ڕووداوانە سزای گەورەی بە دواوە بووە.
لە لایەکی دیکەوە: لە ساڵی 2022، کینان ئیساک بەرگریکاری یانەی ستراتفۆرد بۆ ماوەی 10 ساڵ ڕاگیرا، دوای ئەوەی لە یاریەکی ئێف ئەی کەپدا بە ئەنقەست کارتی زەردی وەرگرت و سەلمێنرا کە گرەوی لەسەر کردوە.
زانیاریی زیاتر: هەروەها ئایڤن تۆنی تەنها لەبەر ئەوەی گرەوەی کردوو کە برێنتفۆرد دەدۆڕێت لەوکاتانەی خۆی یاری ناکات، بۆ ماوەی 8 مانگ لە یاریکردن راگیرا، پێشتریش کیران تریپێ ئامۆژگاری هاوڕیێەکی کردوو کە گرەوی لەسەر بکات، دواتر دەچێتە ئەتلەتیکۆ مەدرید و بەو هۆیەوە 10 هەفتە راگیرا.
مەترسییە پێشبینی کراوەکان: بە پێی سزاکانی پێشوو بێت پاکێتا لە نێوان 6 مانگ بۆ هەتا هەتایی لە یاریگا دوردەخرێتەوە.
باکگراوند: پاکێتای 26 ساڵ لە 2022 دا بە بڕی 50 ملیۆن پاوەند لە لیۆنەوە ڕوویکردە یانەی وێستهام، وەرزی پێشوو نزیک بوو بچێتە مان سیتی، بەڵام بەهۆی ئەم تۆمەتانەوە سیتی لە هەوڵەکانی کشایەوە.

سەبسکرایبی هەواڵنامە و ئاگادارکردنەوەکانمان بکەن
© 2024 Audio Video Advertisement Entertainment & Sports Company For Satellite Broadcasting LTD.