نەورۆز قوەجەویەی راگرت

نەورۆز قوەجەویەی  راگرت

وێنەی یاریزانانی جەویە و نەورۆز

1 حوزەیران
راپۆڕت


ئاڤا سپۆرت


خولی ئەستێرەكانی عێراق، گەڕی 32ـەمینی بەڕێوەچوو، تێیدا یانە كوردستانییەكان ئەنجامی باشیان هەبوو، تەنها یانەی زاخۆ نەبێت، دوای 150 ڕۆژ دووچاریی دۆڕان بوویەوە، بەڵام یانەی نەورۆز بە پێچەوانەوە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا، هەولێریش هەوڵی هەڵسانەوە دەدات، یانەی دهۆكیش لە نێو جەرگەی بەغدا بە خاڵێك گەڕایەوە.

وێنە گەورەكە: زاخۆ بە ڕاهێنەرایەتی تەڵال بلوشی، وەرزێكی نایاب بەڕێدەكات، بەڵام لەم گەڕەدا لەسەر دەستی نەجەف و لە نێو یاریگەی نەجەف بە ئەنجامی (2-1) بە نەجەف دۆڕا، كە دوای یارییەكەش زاخۆ لە راگەیاندراوێكی تووند رەخنەی ئاراستەی ناوبژیوان كرد و بە هۆكاری دۆڕانەكەیانیزانی.
یانەی زاخۆ دوای ئەم دۆڕانە كۆی خاڵەكانی لە 55 خاڵ وەستا و بۆ ریزبەندی پێنجەم دابەزی، تا ئێستاش تەنها 14 گۆڵیان لێكراوە، كە مترین ڕێژەی گۆڵ لێكرانە.

لە لایەكی دیكەوە: یانەی نەورۆز بە ڕاهێنەرایەتی نزار مەحروس توانی بە ئەنجامی (4-2) لە یانەی قوەجەویە بباتەوە، كە ڕكابەرێكی سەرسەختی یانەی شوڕتەیە بۆ بردنەوی نازناوە، بەڵام لەسەر دەستی نەورۆزیییەكان دووچاری دۆڕانێكی گەورەی ئەم وەرزەی هات، نەورۆز بە تەواویی پلانی هێرشبەری و سوودبینین لە بۆشایی هێلی بەرگری یانەی جەوەیە یاریدەكرد، بەجۆرێك ئیبراهیم تۆمیوا توانی هاتریك لەم یارییە تۆماربكات، هەمان یاریزان هاتریی لە دژی یانەی شوڕتەش تۆماركرد، ئێستا نەورۆز دوای بردنەوەی لەم یارییە، خاوەنی 48 خاڵە لە خانەی حەوتەمی ڕیزبەندییەكە دێت تەنها خاڵێك لە خانەی شەشەم دوورە.

زانیاریی زیاتر: لە گەڕی 32 یارییەكان دهۆك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە شاری بەغداد بووە میوانی یانەی كارەبا، كە كارەبا یەكێكە لە یانە بەهێزەكانی ئەم وەرزەی خولەكە، بەڵام لە خولەكی 16 یارییەكەدا عیماد لەواتی پیشەگەری تونسی و یاریزانی یانەی دهۆك گۆڵی پێشكەوتن و یەكەمی بۆ دهۆك تۆماركرد.
لە نیوەی دووەم یانەی كارەبا بە ڕاهێنەرایەتی لۆئەی سەڵاح هەوڵی راستكردنەوەی ئەنجامەكەیان دەدا، تا لە خولەكی 68 ئیڤان خالیدی یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر و ئێستای یانەی كارەبا، بە لێدانێكی مووشەكی گۆڵی یەكسانبوونەوەی تۆماركردەوە.


باكگراوند: دهۆك بەم خاڵەی لە دژی كارەبا بەدەستیهێنا كۆی خاڵەكانی گەیاندە، 49 خاڵ و لە خانەی شەشەمی ریزبەندییەكە دێت.

  پێدراوە ڕاستییەكان: یانەی هەولێر لەگەڵ ڕاهێنەری تازەی یانەكەی، كە سەمیر بابۆیە، ئاستی بەرەو هەڵكشانە، هەرچەندە بۆ دەركەوتنی شوێنپەنجەی ڕاستەقینەی ڕاهێنەر بەسەر تیپەكەوە، پێویستمان بە نزیكەی 10 یاریی دەبێت، ئەوكات تا ڕێژەیەكی باش لەوە دەگەین كە ڕاهێنەر گۆڕانكاری لە تیپەكە كردووە، یاخود نا، بەڵام خاڵی باشی ئەم 3 یارییەی ڕابردووی سەمیر، بوونی دەرفەتی گۆڵكردنە لە یارییەكان، كە ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هونەری تیپەكە و مانەوی هەولێر لە ڕیزی ئەستێەرەكانی عێرق، هەولێر خاوەنی 32 خاڵە و لە خانەی چواردەیەمی ڕیزبەندییەكە دێت، لەم گەڕەش لەگەڵ نەفتی بەسڕە یەكسانبوو، بەڵام هەولێر 2 یاریی دواخرای بەرامبەر یانەكانی كارەبا و تەڵەبە ماوە.