مان یونایتد بووە پاڵەوانی ئێف ئەی کەپ

مان یونایتد بووە پاڵەوانی ئێف ئەی کەپ

برونۆ فێرناندێز لەگەڵ ئێریک تین هاگ

25 ئایار
راپۆڕت

ئاڤا سپۆرت

 

لە دێربی شاری مانچستەر، یانەی مان یونایتد توانی لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئینگلتەرا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی مان سیتی ڕکابەری بباتەوە و بۆ جاری سیازدەیەم نازناوی ئێف ئەی کەپی بەدەستهێنا.

 

وێنە گەورەکە: یارییەکە لە یاریگای وێمبلی بەڕێوەچوو، هەر لە سەرەتای یارییەکەشەوە، شەیتانە سوورەکان هێڵی بەرگرییان چڕکرد و پشتیان بە هێرشی هەڵگەڕاوەی خێرا دەبەست، دواجار لە خولەکی 30 لە هێرشێکی هەڵگەڕاوە و لە هەڵەیەکی کوشندەی یۆسکۆ گڤاردیۆل، ئالیخاندرۆ گارناچۆ گۆڵی یەکەمی سوورپۆشەکانی مانچستەری تۆمارکرد. 

 

زانیاریی زیاتر: دوا بە دوای گۆڵەکەی مان یونایتد، مان سیتی هێرشەکانی چڕتر کردەوە و زیاتر لە هێڵی خۆیان دەهاتنە دەرەوە، ئەوەش وایکرد لە خولەکی 39 لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەی دیکە و بە ئاسیستێکی نایابی برونۆ فێرناندێز، مان یونایتد لە ڕێگەی کۆبی ماینۆوە گۆڵی دووەم تۆماربکات و بەوەش گێمی یەکەم کۆتاییهات. 

 

پشت بەستن بە هێڵی بەرگری: لە گێمی دووەمدا یارییەکە هاوشێوەی گێمی یەکەم بوو، مان سیتی بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکە، بەڵام بەرگریکارانی مان یونایتد یارییەکەیان بە ڕووی مان سیتیدا داخستبوو.

 

کۆڵنەدان بەڵام بێسوود: دواجار لە خولەکی 87، جێرێمی دۆکو لە هەوڵێکی تاکەکەسی توانی گۆڵی یەکەمی مان سیتی تۆماربکات، بەلام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی بتوانن ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە و ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدا.

 

دەرئەنجام: بەوەش مان یونایتد بۆ جاری سیازدەیەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی ئێف ئەی کەپ و تین هاگی ڕاهێنەریش بەلێنەکەی بردە سەر و دووەم نازناوی لەگەڵ مان یونایتدا بەدەستهێنا. 

نۆڤین مەجید

پرۆدوسەر
نۆڤین مەجید