تۆنی كرووس بە گەورەیی ماڵئاوایی كرد

تۆنی كرووس بە گەورەیی ماڵئاوایی كرد

وێنەی تۆنی كرووس لەگەڵ یاریزانانی ریاڵ

26 ئایار
بیروڕا


تۆنی كرووس دوای 10 ساڵ یاریكردن لە یانەی ریاڵ مەدرید، لەشەوێك لە شەوە لەبیرنەكراوەكانی شانۆی سانتیگۆ بێرنابیۆ، وەك ئەستێرەیەكی یانەی مێرێنگێ بۆ یەكجاری ماڵئاوایی لە یاریگە و هاندەران كرد.
كرووس لە ساڵی 2014 بە بڕی 25 ملیۆن دۆڵار لە یانەی بایەرمیونشنەوە پەیوەندی بە یانە شاهانەیەكەوە كرد، ئەو كات بەشێك لە شارەزایانی تۆپی پێ بە گرێبەستێكی سەركەوتوو بۆ ریاڵ هەژماریاندەكرد، بەڵام هەرگیز لەو باوەڕەدانەبوون لاوە ئەڵمانییەكە بتوانێت وەك ئەفسانەیەكی مێرێنگێ بەم هەموو نازناوەوە ماڵئاوایی لە یانەكە بكات.
لە دوایین یاریی ریاڵ مەدرید، بەر لە چەند رۆژێك سەرجەم بلیتەكانی ئەم یارییە بەرامبەر ریال بیتس فرۆشرابوو، ئەمە كاردانەوەی هەواڵی رۆیشتنی كرووس بوو لە یانەكە، چونكە كاتێك ئەستێرە ئەڵمانییەكە هەواڵی وازهێنانی لە یاریكردن راگەیاند، هاندەرانی مێرێنێگێش بۆ ماڵئاوایكردن و بینینی دوایین دیمەن و پاسە سیحراوییەكانی تۆنی، سەرجەم بلیتەكانی ئەم یارییەیان كڕی.
كرووس هەموو یارییەك وەك سەركردەیەك و مایسترۆیەك لەنێو یاریگە دەردەكەوت، ئەو وەك میوزیك ژەنێك بە ئارەزووی خۆی بە قاچەكانی ئاوازی یارییەكانی بۆ هاوڕێكانی دەژەنی، بە جولە و بیركردنەوە رێنیشانادانی بە یاریزانەكان تۆپەكانی بۆ هەڵدەدان و گۆڵیان دەكرد، بەڵام ئەو بڕایاریدا ماڵئاوایی بكات.
كرووس لە ماوەی ڕابردووی 5 نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە و خاوەنی جامی جیهانی 2014ـیە لە وڵاتی بەڕازیل، ئەو یەكێك بوو لە تێكشێنەرەكانی یارییە گەورەكەی نێو بەرازیل كاتێك بە ئەنجامی (7-1) لە نێو هاندەران و جەماوەرەی خۆیان ئەو هەڵبژاردەیەیان تووشی شۆككرد، ئێستا كرووس یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگی لەبەردەم ماوە، ئەگەر بیباتەوە، بۆ جاری شەشەم ئەم نازناوە بەرزدەكاتەوە.
هاندەرانی ریاڵ مەدرید هیواخوازن دوایین دیمەنی تۆنی كرووس لەگەڵ بەرزكردنەوە و لە باوەشكردنی جامە دوو گوێچكەكەی ئەوروپا ببینن و بۆ هەتاهەتا لە هزر و بیری ئەواندا بمێنێتەوە.
كرووس دوایین ساتەكانی لە بێرنابیۆ بە گریان و چەپڵە لێدانی هاندەرانی مێرێنگێ بەرێكرد، بەڵام فرمێسكەكانی گەورەیی و بەهێزی كەسایەتی ئەو لاوە ئەڵمانییەیان دەردەخست، مێژووی تۆنی لەگەڵ مەدریدییەكان بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە.