کێ کێبرکێی مان سیتی پێ دەکرێت؟

کێ کێبرکێی مان سیتی پێ دەکرێت؟

ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی مان سیتی

23 ئایار
بیروڕا

چێنەر عەبدولقادر

 

یانەکانی پرێمەرلیگ دەیانەوێت کێبڕکێی مان سیتی بکەن، بەڵام زۆربەیان هەنگاوی یەکەمیان نەناوە بۆ نمونە چێڵسی و مان یونایتد.

بۆ یەکەم جار لە ماوەی ١٣٥ ساڵی تۆپی پێی ئینگلیزیدا بینیمان یانەیەک چوار جار لەسەر یەک بوە پاڵەوانی خولەکە، لەبەرامبەردا یانەکانی تر دەیانەوێت رێگری لە سیتی بکەن تا خولەکەیان زیاتر داگیر نەکات، بەڵام هانگاوەکان زۆر سەرەتایین.

 

جگە لە ئارسناڵ سەیرێکی یانەکانی تری خولەکە دەکەیت و گومانت هەیە کە کامیان ئەو ئاستەیان هەیە ببنە رێگر.

 

چێڵسی یەکێکە لەو یانانەی کە لەماوەی دوو ساڵی رابردودا زیاتر لە ملیارێک یۆرۆی خەرجکردوەو هیچ پرۆژەیەکی دیار نیە، تۆد بۆیلی لە ناوەراستی ٢٠٢٢ ەوە دەستکراوە بووە لە هێنانی یاریزان، بەڵام هیچ بەردەوامبونێک لە تیپەکەدا نابینیت چونکە زوو زوو راهێنەر دەگۆڕێت.

 

بۆنمونە پۆچەتینۆ سەرەتای ئەم وەرزە لەگەڵ چیڵسی زۆر خراپ بوو، دواتر لە کۆتایی وەرز بینیمان وردە وردە تیپەکەی رێکردەوەو پێنج بردنەوە لەسەر یەکی بەدەستهێنا و گەیشتنە پلەی شەشەم و بەشداری ئەوروپالیگی وەرزی داهاتوو دەکەن، دوای ئەو بەرەوپێشچونە بینیمان پۆچەتینۆ دورخرایەوەو دیسانەوە راهێنەری نوێ دەبێت لە سفرەوەو دەستپێبکاتەوە.

 

مانچستەر یونایتد یەکێکی ترە لەو یانانەی ساڵانە لە یەک بازنەی داخراودا دەسوڕێتەوەو پێشناکەوێت، بینیمان دوو وەرز پیشتر تین هاگ هات و پلانی ئەوەیان بۆ دانا کە تیپێکی هێرشبەری دروستبکات و لەو پێناوەشدا یاریزانیان بۆ هێنا بەو شیوازەی کە یاری دەکات. دواتر کار لەسەر ئەو شیوازە کرا، بەڵام بینیمان یاریزانەکان نەیانتوانی شێوازەکە جێبەجێ بکەن، لەم وەرزەدا هەموو ئەنجامە باشەکانی مانچستەر یونایتد ئەو کاتانە بوە کە بەرگری و هێرشی پێچەوانە بووە.

 

وەکو میدیاکانی بەریتانیا دەلێن تین هاگی دوای یاریەکەی ئێف ئەی کەپ دوردەخرێتەوە، واتە پرۆژەکەی ئەویش دوای خەرجکردنی نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ شکستی هێنا.

 

هەرچی ماوە لەو یانانەی کە ناویان (تۆپ سیکس)ە واتە شەش یانە بەهێزەکە لیڤەرپوڵ و تۆتنهامن، تۆتنهام بەردەوام ئامانجی گەیشتنە بە چامپیۆنزلیگ نەک بەدەستهێنانی پرێمەرلیگ، لیڤەرپوڵیش هیچی دیار نیە دوای کلۆپ، دەبێت بزانین ئارنە سلۆت کێ دێنێت و چۆن سودیان لێ وەردەگرێت، تاکو گرێبەستەکان و چەند یاریەکی ئارنە سلۆت نەبینین ناتوانین حوکمی لەسەر بدەین، بەلام بە گشتی قورسە لە یەکەم وەرزیدا چاوەڕیی کێبڕکێی پرێمەرلیگی لێ بکەیت.

 

ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ کێبڕکێ تەنها ئارسناڵە، تەنها ئارتێتا توانی هەیە پێپ رابگرێت لەوەی بۆ پێنجەم ساڵی لەسەر یەک پرێمەرلیگ بباتەوە، هاندەرانی پرێمەرلیگ ئەگەر دەتانەوێت کێبڕکێ بۆ خولەکەتان بگەڕێتەوە چاوەڕێی ئارتێتا و ئارسناڵبن، لەوان زیاتر کەس توانا و هێزی کێبركیی سیتی نیە.

 

چێنەر عەبدولقادر

بەڕێوەبەری ئاڤا سپۆرت
چێنەر عەبدولقادر