بەرشەلۆنە لە پاڵەوانی لالیگاوە بۆ جەنگی پلەی دووەم

بەرشەلۆنە لە پاڵەوانی لالیگاوە بۆ جەنگی پلەی دووەم

یاریزانانی یانەی بەرشلۆنە

13 ئایار
راپۆڕت

ئاڤا سپۆرت 

 

بەرشەلۆنە میوانداریی یانەی ڕیاڵ سۆسیداد دەکات و یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت بە بردنەوە پلەی دووەمی ڕیزبەندی خولەکە لە جیرۆنا وەربگرێتەوە.

 

وێنە گەورەکە: لە میانی یارییەکانی گەڕی 35ی لالیگا، ئەمشەو کاتژمێر 10:00 بەرشەلۆنە میوانداریی یانەی ڕیاڵ سۆسیداد دەکات و یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت بە بردنەوە، پلەی دووەمی ڕیزبەندی خولەکە لە جیرۆنا وەربگرێتەوە.

 

ژمارەکان وا دەڵێن: بەرشەلۆنە لە دوایین پێنج یارییدا تەنیا دوو بردنەوەی هەیە و سێ جاریش شکستی هێناوە، کە دوا شکستیان بەرامبەر جیرۆنا بوو بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ، ئەوەش بووە هۆی لەدەستدانی پلەی دووەمی لالیگا.

 

لە لایەکی دیکەوە: جیرۆنا، هەینی ڕابردوو نەیتوانی لە ئەلاڤێس بباتەوە و تەنیا یەک خاڵی لەو یارییەدا دەستەبەر کرد، ئەوەش وای کردووە بەرشەلۆنە بتوانێت بە بردنەوە، خالێک پێش جیرۆنای ڕکابەری بکەوێتەوە. 

 

بەرشەلۆنە بە دوای چییەوەیە؟ ئەمشەو بلاوگرانا هەلی ڕاستکردنەوەی هەڵەی گەڕی پێشووی هەیە و بە بردنەوە لە ریاڵ سۆسیداد پلەی دووەمی لە جیرۆنا دەسێنێتەوە و سوکناییەک بە دڵی هاندەرانی دەدات، بەرشەلۆنە، وەرزی ڕابردوو توانی ئاستێکی نایاب پێشکەشبکات و نازناوی لالیگا بەدەستبێنێت، بەڵام لەم وەرزەدا یانەکە ئاستی بە پێی پێویست نەبوو، یانەکە لە کۆی 34 یارییدا خاوەنی 22 بردنەوەیە و پێنج شکست و حەوت یەکسانبوونی تۆمارکردووە. 

 

چاڤی بێ ئومێد بووە: چاڤی هێرناندێز لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی پێش یارییەکە گوتی: ''کارێکی خراپ دەبێت ئەگەر نەتوانین پلەی دووەم بەدەستبێنین، یارییەکە یارییەکی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کارە ئەنجام بدەین، ڕاستی بڵێم پلەی دووەم لە ئێستادا بۆ ئێمە زۆر گرنگە''.

 

سۆسیداد و یۆرۆپالیگ: یارییەکە بۆ ڕیاڵ سۆسیدادیش گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە یانەکە بە بردنەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پلەی شەشەمی ڕیزبەندی، ئەوەش بۆ یانەکەی هەرێمی باسک گرنگە، چونکە پلەی شەشەم، بە واتای بەشداریکردن لە یۆرۆپالیگی وەرزی داهاتوو دێت. 

 

پلەی دووەم داهات ڕادەکێشێت: بەدەستهێنانی پلەی دووەم بۆ بەرشلۆنە گرنگییەکی تایبەتی دەبێت، چونکە لە ئەگەری بەدەست‌ێنانی پلەی دووەم، ئەوا یانەکە لە جامی سوپەری ئیسپانی وەرزی داهاتوو بەشدار دەبێت، کە بەدەستهێنانی ئەو جامەش داهاتێکی باش دەبێت بۆ یانە کەتەلۆنییەکە.

 

وەرزی بێ نازناو: لە دوایین 20 ساڵی ڕابردوودا، ئەمساڵ دەبێتە حەوتەم ساڵ کە بەرشەلۆنە بەبێ نازناو کۆتایی بەو وەرزەکەی بێنێت، هاندەرانی یانەکە بەردەوام گوشار لەسەر کارگێڕی یانەکە درووست دەکەن، بۆ ئەوەی چەند یاریزانێکی نوێ و ئاست بەرز بگوازنەوە بۆ یانەکە.

 

باکگراوند: ئەمشەو بلاوگرانا هەوڵی ئاشت کردنەوەی دڵی هاندەرانی دەدات و دەیەوێت لە دوایین یارییەکانی لالیگا ئاستێکی باش پێشکەش بکات، بەڵام هەرجۆرێک بێت، بەرزترین دەستکەوتی یانەکە لەم وەرزەدا، تەنیا بەدەستهێنانی پلەی دووەم دەبێت. 

نۆڤین مەجید

پرۆدوسەر
نۆڤین مەجید