ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆری 2025 بەڕێوەچوو

ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆری 2025 بەڕێوەچوو
23 ئەیلوول
جیهان

ئاڤا سپۆرت

پاریس شانۆی بەڕێوەچوونی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆری ساڵی 2025 بوو.


چیرۆکە سەرەکی: پاریسی پایتەختی فەڕەنسا شەوی ڕابردوو بووە شانۆی کۆبوونەوەی کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی تۆپی پێ و باوەشی بۆ 69ـیەمین خەڵاتەکانی باڵۆندۆر کردەوە. بەرشەلۆنە و پاریس سانجێرمان کێبڕکێیەکی زۆر لە نێوانیان هەبوو و یاریزانانی هەردوولا پاڵێوراوی بردنەوەی زۆرینەی خەڵاتەکان بوون.

خەڵاتی کۆپا: خەڵاتی یەکەم کە دابەش کرا، خەلاتی کۆپا بوو، کە ساڵانە دەدرێت بە باشترین یاریزانی لاوی ساڵەکە، لامین یاماڵی ئەستێرەی ئیسپانی و یانەی بەرشەلۆنە بۆ دووەمجاری بەدوای یەکەوە خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی ساڵەکەی بردەوە
. بەرشەلۆنە لە ئاستی خانمانیش نەیهێشت خەڵاتەکە بۆ یانەیەکی دیکە بێت، ڤیکی لۆپێزی ئیسپانی و خانمە یاریزانی بەرشەلۆنە خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی خانمانی بەدەستهێنا.

خەڵاتی یاشین: بۆ باشترین گۆڵپارێز دەستنیشانکرا، لەسەر ئاستی خانمان، هانا هامپتن، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی چێڵسی، بە باشترین خانمە گۆڵپارێزی ساڵەکە دەستنیشانکرا، لەسەر ئاستی پیاوانیش جیانلوجی دۆناڕۆما، گۆڵپارێزی پێشووی پاریس سانجێرمان و ئێستای مان سیتی خەڵاتی یاشینی 2025ـی بردەوە.

خەڵاتی یۆهان کرۆیف: فابیۆ کاپێلۆ ڕاهێنەری پێشووی ئیتاڵیا دواتر هاتە سەر ستەیج و ئامادەبوو ناوی براوەی خەڵاتی یۆهان کرۆیف ئاشکرا بکات، کە ساڵانە دەدرێت بە باشترین ڕاهێنەر، کاپێلۆ ئاشکرای کرد کە لە نێوان هانسی فلیک، ئارنە سڵۆت، لویس ئێنریکی، ئێنزۆ مارێسکا و ئەنتۆنیۆ کۆنتی ، ئێنریکی وەکو باشترین دەستنیشانکرا، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی یارییەوە، ئێنریکی نەیتوانی لە ئاهەنگەکە ئامادە بێت و لە ڕیگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە خەلاتەکەی قبووڵ کرد. لەسەر ئاستی خانمانیش سارینا ویگمانی هۆڵەندی و ڕاهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلتەرا، توانی خەڵاتەکە بباتەوە.

باشترین یانەی جیهان: بەرشەلۆنە، بۆتافۆگۆ، چێڵسی، پاریس سانجێرمان و لیڤەرپووڵ ئەو یانانە بوون کە پاڵێوراوی بردنەوەی خەڵاتەکە بوون. لە کۆتاییدا پاریس سانجێرمان کە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگە، خەڵاتی باشترین یانەی جیهانیی لەسەر ئاستی پیاوان بەدەستهێنا. لە ئاستی خانمانیش یانەکانی ئارسناڵ، بەرشەلۆنە، چێڵسی، لیۆن و ئۆرلاندا پراید پاڵێوراوی خەڵاتەکە بوون، ئارسناڵ کە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی خانمان بوو، خەڵاتی باشترین یانەی ساڵی بەدەستهێنا.

باڵۆندۆر: باشترین یاریزانی ساڵ دوایین خەڵاتە، ئایتانا بۆنماتی، یاریزانی ئیسپانی یانەی بەرشەلۆنە، هاتریکی تۆمارکرد و بۆ سێیەمجاری لەسەریەک خەڵاتی باڵۆندۆری خانمانی بردەوە. بەوەش ئایتانا بووە یەکەم خانمە یاریزان لە مێژوودا، بتوانێت سێ جار ببێت بە باشترین یاریزانی ساڵ. سەرجەم خەڵاتەکان دابەشکران و ئەوەی مایەوە گرنگترین خەڵاتی شەوەکە بوو، باڵۆندۆری پیاوان، تاوەکو دوایین چرکە کەس نەیدەزانی کێ براوە دەبێت، بینەرانی ئاهەنگەکە شۆککبوون کاتێک ڕافینیا ناوی وەکو پێنجەم باشترین یاریزانی جیهان خوێندرایەوە، کێبرکێی کۆتایی لەنێوان عوسمان دێمبێلی و لامین یاماڵ مایەوە، ڕۆناڵدینیۆ هاتە سەر ستەیج و ناوی براوەی خەڵاتەکەی پێبوو، ئەفسانە بەڕازیلییەکە ناوی عوسمان دێمبێلی خوێندەوە و لە هۆڵەکەشدا بوو بە ئاهەنگێڕان. عوسمان دێمبێلی، لە یەکەم پاڵێوراوبوونی لە خەڵاتەکانی باڵۆندۆر توانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا خەڵاتەکە بباتەوە.

ئەمەش بزانە: شەوی باڵۆندۆر شەوی پاریس سانجێرمان و عوسمان دێمبڵی نەبوو بەتەنیا، بەڵکو ئاڤا سپۆرت و چێنەر عەبدولقادریش شەوێکی مێژووییان دروستکرد، هەموو کورد شەوی رابردوو لە لایڤەکەی چێنەر بوو، کە زیاتر بوو لە 114 هەزار کەس، جارێکی دیکە ئاڤا سەلماندی کە هەر خۆمان دەتوانین ژمارەکانی خۆمان بشكێنین و هەر خۆمان زۆر یەکەمین.




کرێکار ڕەسوڵ

هەواڵساز
کرێکار ڕەسوڵ