هەڵبژاردەکان بۆتۆ
وردترین زانیاریی لەسەر گەڕە بەهێزەکەی خولی نایابی کوردستان بزانە
شەیری بکە لە:

یاریزانانی زاخۆ و برایەتی
ئاڤا سپۆرت
ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕی سێیەمی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت، یانەکان دەیانەوێت ئەنجامێکی باش لەم گەڕەدا بەدەستبێنن، بۆ ئەوەی خۆیان لە کێشەی گەیشتن بە ریزبەندی دواوەی خولەکە بپارێزن.
شەقڵاوە میوانداریی زاخۆ دەکات
یانەی شەقڵاوە لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی زاخۆ دەکات، شەقڵاوە لە دوو یاریی رابردوو ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکەش نەکردووە، درەنگ دەستپێکردنی ئامادەکاریی بۆ خولەکە هۆکاری ئاست خراپی تیپەکەیە، چونکە یاریزانەکان لە ڕووی جەستیەوە بەتەواوی بۆ خولەکە ئامادەنین، تەنیا یەک خاڵیان هەیە و لە خانەی دوازدەیەمی ریزبەندییەکە دێت.
زاخۆ بە بردنەوەی لە گەڕی ڕابردوو بە ئەنجامی (3-1) تۆڵەی شکستەکەی گەڕی ڕابردووی بەرامبەر رزگاری کردەوە، ئێستا دۆخیان باشترە و لە رووی دەروونی و جەستەیەوە ئامادەترن لە یانەی شەقڵاوە، خاوەنی سێ خاڵن و لە خانەی حەوتەمی ریزبەندییەکە دێن.
پیشەسازی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە
یانەی پیشەسازی بە راهێنەرایەتی مەولود رەمەزان میوانداریی یانەی چوارقوڕنە دەکات، پیشەسازی لە دوو یاریی رابردوو بردنەوەیەک و بەرامبەربوونێکی هەیە، دۆخی تیپەکە جێگیرە و هیچ فشارێکیان لەسەر نییە، بەڵام دەیانەوێت ئەم وەرزە ئەسپی ڕەشی خولەکە بن، بە چوار خاڵ لە خانەی چوارەمی ریزبەندییەکە دێن.
چوارقوڕنە دوای دۆڕانێک و یاریی نەکردن لە گەڕی رابردوو خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە، رەمزی ساڵحی راهێنەر دەیەوێت بە بردنەوە لە پیشەسازی تیپەکەی بگەڕینێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولەکە، چونکە چوارقوڕنە هەوڵی بەدەستهێنانی خانەکانی پێشەوە دەدات نەک مانەوە لە خولەکە، هیچ خاڵێکیان نییە و لە خانەی چواردەیەم و پێشکۆتایی دێن.
دێربی بەهێزی گەرمیان ئەنجام دەدرێت
یانەی دەربەندیخان لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی رزگاری دراوسێی دەکات، شین پۆشەکانی دەربەند لە گەڕی یەکەم لەنێو یاریگەی خۆیان بە پیشەسازی دۆڕان، بەڵام لە گەڕی دووەم دوور لە پێشبینییەکان توانیان بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام لە یانەی هەندرێن ببەنەوە، ئێستا دۆخی تیپەکە گەڕاوەتەوە سەر رێچکەی خۆی، بۆیە دەیانەوێت بە بردنەوە لە رزگاری لەسەر ئەم رێگە دروستە هەنگاو بنێن، بە سێ خاڵ لە خانەی شەشەم دێن.
رزگاری میوانە نوێیەکەی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، لە دوو یاریی رابردوو ئەنجامی باشی دەستەبەر کردووە، لە یاریگەی خۆی براوەبووە و لەگەڵ یانەی شێروانەی رکابەریشی لە دوا ساتەکانی یاریی، گۆڵی بەرامبەریان تۆمارکردەوە و خۆیان لە دۆڕان رزگارکرد، ئەمڕۆ دەیانەوێت بە بردنەوە لە دەربەندیخان پێشەنگی خولەکە بگرنە دەست و خۆیان لە ریزەکانی پێشەوە قایمتر بکەن، چوار خاڵیان لە هەگبە دایە و لە خانەی دووەم دێن.
سیروانی نوێ ڕووبەڕووی هەندرێن دەبێتەوە
سیروانی نوێ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی هەندرێن دەکات، سیروانی نوێ، گەڕی یەکەم چاوەڕوان بوو، بەڵام گەڕی دووەم بەرامبەر پیشەسازی توانیان بە خاڵێک لە شاری هەولێر بگەڕێنەوە، ئێستا دەیانەوێت لەسەر حسابی هەندرێن یەکەم بردنەوە لە خولەکە تۆماربکەن، سیروانی نوێ تاکە یانەی شاری سلێمانییە سێ وەرز بەر لە ئێستا نازناوی خولی نایابی کوردستانی بردبێتەوە، لەم وەرزەشدا یەک خاڵیان هە و لە خانەی یازدەیەم دێن.
هەندرێن بە راهێنەرایەتی دڵشاد مەعروف لە دوو یاریی رابردووی تیپەکە دوو دۆڕانی هەیە، لە هەردوو یارییەکە چوار گۆڵی لێ تۆمارکراوە، لە رووی بەرگری و هێرشبەرییەوە کێشەیان هەیە و تیپەکە ناتوانێت هەلی زۆری گۆڵکردن دروست بکات، بێخاڵن و لە خانەی کۆتایی ریزبەندییەکە دێن.

سەبسکرایبی هەواڵنامە و ئاگادارکردنەوەکانمان بکەن
© 2024 Audio Video Advertisement Entertainment & Sports Company For Satellite Broadcasting LTD.