جەنگ لەنێو ماڵی چێلسی سەرهەڵدەدات

جەنگ لەنێو ماڵی چێلسی سەرهەڵدەدات

بۆیلی و ئیقبالی

14 ئەیلوول
جیهان

 

 
جەیکب ستینبێرگ 
زە گاردیان 
 
 
ئەگەر شتێک هەبێت لەنێو ماڵی چێڵسیدا و بە ئاسانی درکی پێبکرێت ئەوەیە کە بۆیلی و ئیقبالی یەکتریان بەدڵیان نییە، دوو ساڵ لەمەوبەر و دوای کۆتایی دەسەڵاتی ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ بەیەکەوە چێڵسیان گرتە دەست، بەڵام نە تۆد بۆیلی و نە گروپی کلێرلەیک کاپیتەڵ وای نیشان نادەن کە ڕێگەیەک هەبێت بۆ هێشتنەوەی پەیوەندی نێوانیان. 


لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا گلەیی و سکاڵای زۆر بینراوە، باس لە جیاوازی کلتوور و ناکۆکی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی یانەیەکی تۆپی پێ دەکرێت، پێناچیت هیچ پێکهاتنەوەیەک ڕووبدات، هەم گروپی کلێرلەیک کە خاوەنی زۆرینەی پشکەکانن و هەم تۆد بۆیلی، بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ کڕینەوەی پشکەکانی یەکتر. 


بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی ئەوەی کامیان براوە دەبن، سەرچاوەیەک گومان دەکات کە بۆیلی چەند وەبەرهێنێکی ئامادەیە بۆ کڕینەوەی سەدا 61.5ـی پشکەکانی گروپی کلێرلەیک کە بەهاکەی بە 2.5 ملیار پاوەند مەزەندە دەکرێت، گروپی کلێرلەیکیش کە خاوەندارییەکەی بۆ بێهداد ئیقبالی و خۆزێ ئی. فێلیسیانۆ دەگەڕێتەوە، بەهەمان شێوە دەیانەوێت پشکەکانی بۆیلی بکڕنەوە کە مارک واڵتەر و هانسیۆرگ ویز هاوبەشین.

 

ئیقبالی و گروپەکەی باوەڕیان وایە پێویست بە وەبەرهێنانی دەرەکی ناکات بۆ زیادکردنی پشکەکان، بەم شێوەیە فشار دەخەنە سەر بۆیلی پەیوەندی بە هاوبەشەکانی بکات بۆ زیادکردنی پشکەکان، لە بەرامبەردا تۆد بۆیلی بەهەمان شێوە باوەڕی بەوە هەیە دەتوانێت پشکەکان بکڕێتەوە و لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە؛ "هەمیشە بە کەم زانینی هاوبەشەکەت لە ژیاندا مەترسیدارە، گروپی کلێرلەیک پارەدارکردنەکە دەبینن کاتێک گرێبەستەکە پێشکەشکرا." 


 
نزیکانی بۆیلی پێیان وایە ئیقبالی هیچ لە تۆپی پێ نازانێت و ئێستا بە جۆرێک ئاڵوودە بووە کە گەڕانەوەی نییە، هەروەها دەڵێن فشار و کاریگەری خراپی لەسەر تۆماس تۆخێلی ڕاهێنەری پێشوو هەبووە بەوەی پێشنیاری داڕشتەی 4-3-3ـی کردووە بۆ ڕاهێنەری ناوبراو، لە بەرامبەردا نزیکانی ئیقبالی ئەم دەنگۆیان ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن؛ ئیقبالی نە بە ڕاهێنەر دەڵێت چی بکات، نە گرێبەستەکانیش دەستنیشان دەکات، بەڵکوو ئەوە تۆد بۆیلییە کە چووەتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانان و وتاری پێشکەش کردووە. 


گروپی کلێرلەیک پێیان وایە پێویستە بۆیلی بەرپرسیارییەتی زیاتر هەڵبگرێت و گۆڕانکارییەکانی ئەو چێڵسی خستووەتە دۆخێکەوە کە چوونەتە وەرزی دووەمەوە بەبێ هەبوونی سپۆنسەری درێسەکان لە کاتێکدا لە ڕێگای پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگن، هەروەها دەڵێن کە بۆیلی فشاری کردووە بۆ دانانی گراهام پۆتەر وەکوو ڕاهێنەر کە دوای تەنیا حەوت مانگ دوورخرایەوە. 


بۆیلیش پێی وایە چێڵسی لەسەر دەستی پۆچێتینۆ لەسەر ڕێگایەکی دروست بووە و ویستوویەتی بمێنێتەوە، بەڵام ئیقبالی هەرگیز حەزی بە بژاردەی پۆچێتینۆ نەبووە بۆیە تاک لایەنانە و بەبێ گەڕانەوە بۆ بۆیلی و بەشداری پێکردنی بڕیاری دوورخستنەوەی ڕاهێنەرەکەی داوە، هەر ئەویش لە پشت دانانی ئینزۆ مارێرسکای ڕاهێنەری ئێستایان بووە. 


ئیقبالی و گروپی کلێرلەیک هیچ پلانێکی فرۆشتنی پشکەکانیان نییە و سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت بۆیلی پشکەکانی خۆی بەوان بفرۆشێت یاخود تەواوی دەسەڵاتەکانی ڕادەست بکات و چیتر بڕیاردەر نەبێت لە یانەکەدا.