سعوودیە ئامادەکاریی بۆ مۆندیالی 2034 دەکات

سعوودیە ئامادەکاریی بۆ مۆندیالی 2034 دەکات

جامی مۆندیال

3 ئەیلوول
جیهان

ئاڤا سپۆرت 


وڵاتی سعوودییە ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیالی 2034، دەستپێکردووە، لە ئێستاوە خەریکی دروستکردنی یاریگایە لەسەر جوانترین شێوە، بۆ ئەوەی هاندەران بەشێوەیەکی ئاسان بگەن بە یاریگاکان، ئەمە تەواوی یاریگاکانە کە بۆ مۆندیالی ئەو وڵاتە ئامادەدەکرێت.


یاریگای نێودەوڵەتی شا سەلمان لە شاری ڕیاز 
یاریگای نێودەوڵەتی شا سەلمان لە دروستکردن دایە و ساڵی 2029 تەواو ببێت، توانای لەخۆگرتنی 92 هەزار هاندەری دەبێت و دەبێتە گەورەترین یاریگای ئەوڵاتە، بڕیارە یاریگاکە یاریکردنەوە و یاریی کۆتایی تێدا ئەنجام بدرێت، هەروەها لە سەرجەم قۆناغەکانی تریش یاریی جیاواز لەخۆ دەگرێت.

 


یاریگای شاری وەرزشی شا فەهد لە شاری ڕیاز 
یاریگای شاری وەرزشیی شا فەهد لە ساڵی 2026 تەواو دەبێت و جێگەی 70 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، دیزاینی یاریگاکە زۆر ناوازە دەبێت و بیرۆکەکەی لە نەریتی خێوەتەکانی سعوودییە وەرگیراوە، یاریگاکە میوانداریی یارییەکی پێش کۆتایی و چەند یارییەکی تر لە قۆناغە جیاوازەکانی تر دەکات.
 
 یاریگای شازادە محەممەد بن سەلمان لەشاری ڕیاز 
یاریگای شازادە محەممەد بن سەلمان بڕیارە ساڵی 2029 تەواو ببێت، یاریگاکە جێگەی 50 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە و چەند یارییەک لە قۆناغی کۆمەڵەکان، قۆناغی 16 و یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم لەخۆ دەگرێت، ڕەنگە یەکێک بێت لە پێشکەوتووترین دیزاینەکانی پاڵەوانییەتییەکە، بە شووشەی درەوشاوە و کانزا ڕووپۆش دەکرێت کە تەواو شێوەی سایبەرپەنک دەدات.
 
یاریگای مرەبەعەی نوێ لە شاری ڕیاز 
یاریگای مرەبەعەی نوێ ساڵی 2032 تەواو دەبێت و دەتوانێت 46 هەزار هاندەر لەخۆ بگرێت، بڕیارە میوانداری چەند یارییەک لە قۆناغی کۆمەڵەکان و قۆناغی 16 بکات، دیزاینی یاریگاکە لە پێکهاتەی توێکڵی درەختی ئاکاسیا وەرگیراوە. 
 
یاریگای ڕۆشن لە شاری ڕیاز 
یاریگای ڕۆشن یەکێکی تر دەبێت لەو یاریگایانەی کە دیزاینێکی ناوازەی دەبێت، یاریگاکە هاوشێوەی ڕووکەشی کریستاڵ پڕشنگدار دەبێت، بڕیارە یاریگاکە ساڵی 2032 تەواو ببێت و 46 هەزار کورسی دەبێت.
 
یاریگای شاری وەرزشی شازادە فەیسەڵ بن فەهد لە شاری ڕیاز 
یاریگای شاری وەرزشیی شازادە فەیسەڵ بن فەهد لە ساڵی 2027 تەواو دەبێت و جێگەی 46 هەزار هاندەر دەگرێت، دروستکردنی یاریگاکە لە کەرەستەی خاوی ناوخۆیی دەبێت لەگەڵ چەند بۆشاییەکی سەوز لە دەوری دەرەوەی یاریگاکە. 
 
یاریگای ڕیازی باشوور لە شاری ڕیاز 
یاریگای ڕیازی باشوور لە ساڵی 2032 تەواو دەبێت و 47 هەزار هاندەر لەخۆ دەگرێت، دیزاینێکی ناوازەی دەبێت وەکوو ڕێزێک بۆ ڕووباری دۆڵی وادی حەنیفە کە بە ناوجەرگەی شاری ڕیازدا دەڕوات.
 
یاریگای زانکۆی شا سعوود لە شاری ڕیاز 
یاریگای زانکۆی شا سعوود لە بنەڕەتدا بوونی هەیە بەڵام دووبارە بنیاد دەنرێتەوە و فراوان دەکرێت، بڕیارە یاریگاکە ساڵی 2032 تەواو ببێت و ژمارەی کورسییەکانی لە 26100 کورسییەوە زیاد بکرێت بۆ زیاتر لە 46 هەزار کورسی.
 
یاریگای شاری وەرزشی شا عەبدوڵڵا لە شاری جەددە 
یاریگای شاری وەرزشی شا عەبدوڵڵا ساڵی 2014 کرایەوە و جێگەی 58432 هاندەر دەگرێت، یاریگاکە بە خشڵی درەوشاوە ناسراوە و میوانداری چەندین ڕووداوی وەرزشیی کردووە، لەوانە؛ دەبلیو دەبلیو ئی، چەند یارییەکی بۆکسینگ، پاڵەوانییەتی تێنس و یاری کۆتایی جامی جیهانیی یانەکانی ساڵی 2023. 
 

یاریگای کەناری قەدییە لە شاری جەددە  
یاریگای کەناری قەدییە لە شاری جەددە ساڵی 2032 تەواو دەبێت و 46 هەزار هاندەر لەخۆ دەگرێت، میوانداری یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان، قۆناغی 32 و قۆناغی 16 دەکات.
 
 یاریگای ناوەندی گەشەپێدانی جەددە لە شاری جەددە 
یاریگای ناوەندی گەشەپێدانی جەددە ساڵی 2027 تەواو دەبێت و میوانداری یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان و قۆناغی 32 دەکات، دیزاینی یاریگاکە لە ناوچەی مێژوویی ئەل بەلەد وەرگیراوە.
 
یاریگای شاری ئابووریی شا عەبدوڵڵا لە شاری جەددە 
یاریگای شاری ئابووریی شا عەبدوڵڵا ساڵی 2032 تەواو دەبێت جێگەی 45 هەزار دەگرێت، بڕیارە یاریگاکە میوانداری یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان و قۆناغی 32 دەکات، دیزاینی یاریگاکەش لە چۆنییەتی گەشەکردنی تیرەی مەرجانیی لە کەنارەکانی سعوودیا وەرگیراوە.
  
یاریگای ئارامکۆ لە شاری خەبەر 
یاریگای ئارامکۆ دەبێت تاکە یاریگا لە شاری خەبەر و ساڵی 2026 تەواو دەبێت، یاریگاکە زیاتر لە 46 هەزار هاندەر لەخۆ دەگرێت و میوانداری قۆناغی کۆمەڵەکان، قۆناغی 32 و قۆناغی 16 دەکات، دیزاینی یاریگاکەش لە شێوەی ئاو وەرگیراوە. 
 
یاریگای زانکۆی شا خالید لە شاری ئەبها 
یاریگای زانکۆی شا خالید لە شاری ئەبها دروستکراوە بەڵام دووبارە نۆژەن دەکرێتەوە و ساڵی 2032 تەواو دەبێت، ژمارەی کورسییەکانی لە 22 هەزار کورسییەوە بۆ 45 هەزار کورسی زیاد دەکرێت، بڕیارە میوانداری یاری قۆناغی کۆمەڵەکان، قۆناغی 32 و قۆناغی 16 بکات. 
  
یاریگای نیۆم لە شاری نیۆم 
یاریگای نیۆم جیاوازتر لە هەر یاریگایەکی تر دەبێت بەهۆی ئەوەی 350 مەتر بەرزتر لە ئاستی زەوی دەبێت و بە ژێرخانی شارەکە دەورەدراوە، یاریگاکە 46 هەزار هاندەر لەخۆ دەگرێت.