پۆرتوگال لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی زەحمەتدایە

پۆرتوگال لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی زەحمەتدایە

یاریزانانی پۆرتوگال

22 حوزەیران
جیهان


ئاڤا سپۆرت


هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئەمڕۆ لە تاقیكردنەوەیەكی زەحمەتدا لە گەری دووەمی یاریەكانی كۆموڵەی شەشەم،  ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی توركیا دەبێتەوە یارییەكە لە یاریگەی سیگنال ئیدۆناپاركە.

وێنە گەورەكە: هەردوو هەڵبژاردەكە دەیانەوێت بە بردنەوە لەم یارییە گەیشتن بە قۆناغی 16 مسۆگەر بكەن، چونكە یاریی یەكەم پۆرتوگال بە ئەنجامی( 2-1) لە چیكی بردەوە، بەڵام بە ئاستێكی چاوەڕوانەكراو دەركەوتن و بە زەحمەت هەڵبژاردەی چیكیان تێپەڕكرد، لەبەرامبەردا هەڵبژاردەی توركیا بە ئەنجامی (3-1) لە جۆرجیا بردەوە ئامادەی خۆی لە یۆرۆدا ڕاگەیاند.

ئەوەی پێوستە بیزانیت: هەڵبژاردەی پۆرتوگالی پاڵەوانی 2016 بە سەركردایەتی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئاستێكی باوەڕپێكراوی بەرامبەر چیك پێشكەش نەكرد، بۆیە ئەمشەو بۆ رۆناڵدۆ تاقیكردنەوەی دووەمییەتی لە یۆرۆی 2024ـدا.
لە لایەكی دیكەوە: هەڵبژاردەی توركیا بە سەركردایەتی ئاردە گولەری یاریزانی لاوی تیپەكە بە ئاستێكی نایاب بەرامبەر جۆرجیا دەركەوتن و لەو یارییەش گۆلێك و ئەسیستێكی تۆماركرد.

هۆكارە زانراوەكان: هەڵبژاردەی توركیا دەیەوێت ئەو گرێكوێرەیەی ئەنجامە خراپەكانی بەرامبەر پۆرتوگال بكاتەوە، چونكە لە 3 یاریی ڕابردووی نێوانیان لە یۆرۆی 1996 و 2000 و 2008 پۆرتوگال توانیویەتی لە توركیا بباتەوە.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: مارتینێزی ڕاهێنەری پۆرتوگال لەسەر یارییەكەیان بەرامبەر توركیا وتی: ئەم یارییە بۆ ئێمە چارەنووسسازە، چونكە بە بردنەوە دەگەینە قۆناغی داهاتوو جگە لەوەش لەسەر رێگا ڕاستەقینەكە دەڕۆین و بەربەستی سەختەمان نایەتەپێش، بەڵام دەزانین ئەركمان قوورسە چونكە ڕكابەرەكەی ئێمەش بەدوای بردنەوەدا دەگەڕێت.


لێدوانی فەرمی: لەبەرامبەردا مۆنتێلای ڕاهێنەری هەڵبژاردی توركیا، سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی پۆرتوگال گوتیو ئێمە تیپێكی ئامادەین، دەزانین هەلبژاردەی بەرامبەرمان بەهێزن و خاوەن ئەستێرەن، بەڵام ئێمە بە گیانێكی بەرز و بە پلانی تایبەت ڕووبەڕوویان دەبینەوە و ترسمان لە هیچ هەلژباردەیەك نییە.