ئەڵمانیا دەیەوێت بگاتە قۆناغی داهاتوو

ئەڵمانیا دەیەوێت بگاتە قۆناغی داهاتوو

یاریزانانی ئەڵمانیا

19 حوزەیران
جیهان

ئاڤا سپۆرت
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەڕی دووەمی یارییەكانی یۆرۆی 2024دا  ڕووبەرووی هەڵبژاردەی هەنگاریا دەبێتەوە.


وێنە گەورەكە: ئەڵمانەكان بە پشتبەستن بە خاك و جەماوەری خۆیان هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامێكی باش لەم یارییە دەدەن، بە تایبەتی بردنەوە گەورەكەی بەرامبەر سكۆتلاندا گڕوتینێكی زیاتری بە تیپەكە بەخشیوە، بۆیە بۆ ئەم یارییەش لە هەنگاریا ساز و ئامادەترن.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەڵمانیا لە یاریگەی شتوتگارت میوانداریی هەڵبژاردەی هەنگاریا دەكات، دەیانەوێت بە بردنەوە لەم یارییە بەفەرمی خۆیان بگەیێنە قۆناغی شازدەی پاڵەوانێتییەكە و بە یەكەمی كۆمەڵەكەی خۆیان سەربكەون و لە قۆناغی شازدە خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیپە بەهێزەكان دووربخەنەوە، هەروەها ڕێگایەكی ئاسانتر بۆ گەیشتن بە قۆناغەكانی داهاتوو هەڵبژێرن.


ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: ناگلیزمانی راهێنەری ئەڵمانیا ڕكابەرەكەی ئەمڕۆی بە تیپیكی بەهێز ناوبردوو پێیوایە خاوەن یاریزانی باشن و بەكۆمەڵ یاریكردنیان خاڵی بەهێزی تیپەكەیە، بۆیە دەبێت بە وریاییەوە بەرامبەریان یاریی بكەن و هیچ هەڵەیەكی كوشندە نەكەن تا دۆخەكەیان لەدەست دەرنەچێت.


خاڵە ئەرێنییەكان: هاندەرانی ئەڵمانیا خەونی ئەوەیان هەیە جارێكیتر وەك ساڵی 1996 ببنەوە پاڵەوانی ئەوروپا و كاتێك بە (2-1) لە هەڵبژاردەی چیكیان بردەوە، بەڵام دەزانن ئەركیان ئاسان نییە و ڕكابەری بەهێزیان لە پێشە.


زانیاریی زیاتر: مانشافت پشتی بە كۆمەڵێك یاریانی بەتوانا و بە ئەزموون بەستووە لەوانە نۆیەری كاپتن و گۆڵپارێز، رۆدیگێر و كیمیچ ، كرووسی داینەمۆی ناوەڕاستكار، كایل هاڤێرتزی هێڕشبەری لاو، لە خاڵە بەهێزەكانی ئەو تیپەن.


پێدراوە ڕاستەكان: ئەڵمانیا لە 3 یاریی ڕابردووی لەگەڵ هەنگاریا، هیچ بردنەوەیەكی نییە، دوایین یاریی بە ئەنجامی (2-2) لە 2021 یەكسانبوونە، بۆیە ئەڵمانەكان هەست بە گرنگی و بەهێزی یارییەكە دەكەن.


لە لایەكی دیكەوە: لەبەرامبەردا هەڵبژاردەی هەنگاریا هەوڵدەدات ئەو ئاستە خراپەی لە یاریی ڕابردوو بەرامبەر سویسرا پێشكەشی كرد دووبارەی نەكاتەوە، دڵی شكاوی هاندەرانی هەڵبژاردەكەیان چاكبكەنەوە.


بۆچونی لایەنی بەرامبەر: ماركۆ ڕۆسی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی هەنگاریا بەر لە دەستپێكی یۆرۆ لەم كۆمەڵەیە ئەڵمانیا و سویسرای وەك بەربژێری كۆمەڵەكەیان بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو دەستنیشانكرد، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی فشار لەسەر یاریزانەكانی كەم بكاتەوە.


بابەتە ستراتیژییەكە: رۆسی ڕاهێنەر، بۆ یاریی ئەڵمانیا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە دەبێت هەموو هەوڵێك بدەین تا هیوای گەیشتنمان بۆ قۆناغی شازدە وەك باشترین سێیەمی كۆمەڵەكان لەدەست نەدەین، دەبێت ئەو هەڵانەی لە یاریی ڕابردوو ئەنجاماندا دووبارەی نەكەینەوە سەرەڕای بەهێزی ڕكابەرەكەی ئەمڕۆمان.


باكگراوند: هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مێژوودا 13 یاریی لە هەنگاریا بردووەتەوە، لە بەرامبەردا هەنگاریا 12 یاریی براوەبووە، 12 یارییش یەكسانبوونە.