ئینگلتەرا جارێکی دیکە پاڵێوراوە

ئینگلتەرا جارێکی دیکە پاڵێوراوە

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا

16 حوزەیران
جیهان

ئاڤا سپۆرت

 

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئەو هەڵبژاردەیەی زۆرجار پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی نازناوەکان و کەچی لە مۆندیالی ساڵی 1966ەوە، هیچ پاڵەوانێتییەکی گەورەی بەدەستنەهێناوە، هاوکات هەڵبژاردەی سێ شێرەکە، هەرگیز نەیتوانیوە ببێت بە پاڵەوانی یۆرۆ، بەڵام بۆچی ئەم هەڵبژاردەیە هەردەم یەکێکە لە پاڵێوراوەکان، بە تایبەتی لە 10 ساڵی ڕابردوودا؟

 

لە ساڵانی ڕابردوودا، خولی نایابی ئینگلیزی بەرەو پێش چوونێکی  گەورەی بەخۆوە بینی، ئەوەش وایکرد کە کۆمەڵێک یاریزانی لاو و نەوەیەک لە یاریزانی بەهێز و بە توانا بۆ ئینگلتەرا درووست ببێت. 


لە ساڵی 2016، گاریس ساوسگەیت بووە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و شێوازی یاریکردنی ئینگلتەرای بە تەواوی گۆڕی، کە لەو شێوازەشدا هەوڵ دەدات بە درێژایی 90 خولەکی یارییەکە کۆنترۆڵی تۆپی لابێت و بە شێوازێکی هەرەوەزیش هێرش دەباتە سەر گۆڵی بەرامبەر. 


ئەمشەو کاتژمێر 10:00، ئینگلتەرا لە نێو یاریگای ئاوفشالکە، یەکەم یاریی خۆی لە یۆرۆی 2024 ئەنجامدەدات و ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی سڕبیا دەبێتەوە، ئەوەش یەکەمجارە ئینگلتەرا و سڕبیا ڕووبەڕوو دەبنەوە، چونکە یارییەکانی پێشوویان سێربیا بە ناوی یوگۆسلاڤیاوە یاریی دەکرد. 


ئەمشەو چاوەکان لەسەر یاریزانانی ئینگلتەرا دەبن، جود بێلینگهام، فیل فۆدن، بوکایۆ ساکا و هاری کەین، ئاخۆ یەکێک لەم یاریزانە ڕۆڵی سەرەکی دەگەڕێت لە پێکهاتەی ئینگلتەرا، یاخود ساوسگەیت هەموویان لە ژێر چەتری تاکتیکەکانیان کۆدەکاتەوە. 


پێش دەستپێکی یۆرۆ، هەندێک لە ڕۆژنامەنووس و نوسەرانی وەرزشی ئینگلتەرا باسیان لەوە دەکرد، کە پێویستە ئینگلتەرا یاریزانێک هەڵبژێرێت و سەرجەم یاریزانەکانی دیکە لە چواردەوریا یاری بکەن، بەڵام بە پێی تاکتیکەکانی ساوسگەیت بێت، ئەو هێشتا باوەڕی بە یاریکردنی بە کۆمەڵ هەیە و پێناچێت یاریزانێک بکات بە ئەستێرەی سەرەکی هەڵبژاردەکە. 


سڕبیاش لە سالانی ڕابردوودا چەند ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناوە، کۆمەڵێک یاریزانی بەتوانای لە پێکهاتەکەیدایە و هەڵبژاردەیەکن کە چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت ئەنجامی شۆکهێنەر دەستەبەر بکەن. 

 

 

نۆڤین مەجید

پرۆدوسەر
نۆڤین مەجید