هەڵبژاردەکان بۆتۆ
قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆ
شەیری بکە لە:

لۆگۆی یۆرۆی 2024
یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و تەنیا پێنج ڕۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنی گەورەترین جامی کیشوەری ئەوروپا، کە لە قۆناغی کۆمەڵەکانەوە چەندین یاری گرنگ و بەهێز ئەنجام دەدرێت.
وێنە گەورەکە: جامی یۆرۆ، گرنگترین جامی ئەوروپایە و هەڵبژاردە بەشداربووەکان تامەزرۆی بەرزکردنەوی نازناوەکەن، لە جامەکەشدا هەڵبژاردەکان بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەشبوون و لە هەر کۆمەڵەیەک دوو باشترین هەڵبژاردە سەردەکەون و دواتر چوار لە باشترین سێیەمەکان سەردەکەون بۆ قۆناغی داهاتوو.
زانیاریی زیاتر: یۆرۆی ئەمساڵ لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و 10 یاریگا لە 10 شاری جیاواز بۆ یارییەکان ئامادە کراون، یارییەکانیش لە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە دەستپێدەکات و 14ی مانگی داهاتوو کۆتایی دێت.
کۆمەڵەی یەکەم: لەم کۆمەڵەیەدا هەڵبژاردەکانی ئەڵمانیا، سویسرا، سکۆتلەندا و هەنگاریا ڕووبەڕوو دەبنەوە، کە لەم کۆمەڵەیدا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت هەڵبژاردەکانی ئەڵمانیا و سویسرا خۆیان بگەینن بە قۆناغی داهاتووی جامەکە، بەڵام لە یارییە نێودەوڵەتییەکاندا چەندین ئەنجامی شۆکهێنەر هەبووە و هەموو ئەرێک لە ئارادایە لەم جامەشدا.
ئەڵمانیای میواندار، یاریی یەکەمی جامەکە ئەنجام دەدات و لە نێو یاریگای فوسبۆڵ ئارینا لە شاری میونشن ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی سکۆتلەندا دەبێتەوە، مەکینەکانی مانشافت چاوێکی زۆریان لەسەر دەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵبژاردەکە ئاستێکی خراپ پێشکەش دەکات و لە دوایین دوو مۆندیالی ڕابردوودا نەیتوانیوە قۆناغی کۆمەڵەکان تێپەڕێنێت، هاوکات لە یۆرۆی ڕابردوو لە قۆناغی 16 کرایە دەرەوە.
هەڵبژاردەی سویسرا، بە دۆخێکی نایابدا تێدەپەڕێت و پاڵێوراوە بۆ ئەوەی خۆی بگەیەنێت بە قۆناغی داهاتووی جامەکە، لە یۆرۆی ڕابردوو، سویسرا توانی جیهان شۆکبکات و فەڕەنسای کردە دەرەوەی یۆرۆ، هەڵبژاردەکە گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی و بە لیدانە یەکلاکەرەوەکان بە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دۆڕا.
هەڵبژاردەی هەنگەریا، لە یۆرۆی ڕابردوو، هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێنا و بە پلەی چوارەمی کۆمەڵەکەی کرایە دەرەوە، بەڵام لە چەند یاریی ڕابردوودا هەڵبژاردەکە ئاستێکی باشی پێشکەش کردووە و دەیانەوێت ئەمساڵ بگەن بە قۆناغی 16ی جامەکە.
هەڵبژاردەی سکۆتلەنداش، ئاستێکی باشی پێشکەشکردووە و هاندەرانی هەڵبژاردەکەش چاوەڕوانی ئەنجامی باشن لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە.
کۆمەڵەی دووەم: ئەم کۆمەڵەیە بە سەختترین کۆمەڵەی یۆرۆی ئەمساڵ دادەنرێت و هەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا، ئەلبانیا، کرواتیا و ئیسپانیا لەم کۆمەڵەیەدا ڕکابەری یەکدی دەکەن بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتووی جامەکە.
لەم کۆمەڵەیەدا یاریی پێش کۆتایی یۆرۆی 2020 دووبارە دەبێتەوە و هەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا ڕووبەڕوو دەبنەوە، کە ئەوەش یەکێکە لە بەهێزترین یارییەکانی جامەکە و لە ڕۆژی 15ی مانگ یارییەکە ئەنجام دەدرێت.
کرواتیا، لە چەند پاڵەوانێتی نیودەوڵەتی ڕابردوودا ئاستێکی نایابی پێشکەشکردووە و لە جامی جیهانی 2022 توانی پلەی سێیەم بەدەستبهێنێت، لەم جامەشدا دەیەوێت ڕکابەری ئیتاڵییەکان و ئیسپانییەکان بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بگەیەنێت بە قۆناغی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
ئیسپانیا، بە پێکهاتەیەکی لاوەوە بەشداری یۆرۆ دەکات، ''لا ڕۆخا'' پشت بە تواناکانی لامین یاماڵ، پێدری، دانی ئۆلمۆ، نیکۆ ویلیامز و فێرمین لۆپێز، دەیەوێت مێژوو بنووسێتەوە و چوارەم نازناوی یۆرۆ بەدەستبهێنێت، کە هیچ هەڵبژاردەیەک نییە گەیشتبێتە ئەو ژمارەیە.
کۆمەڵەی سێیەم: لەم کۆمەڵەیەدا هەڵبژاردەکانی ئینگلتەرا، دانیمارک، سڕبیا و سلۆڤاکیا ڕووبەڕوو دەبنەوە، ئینگلتەرا یەکێکە لە پاڵێوراوە سەرەکییەکان بۆ بردنەوەی یۆرۆی 2024 و بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە دەبێت سەرەتا ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت.
دانیمارک و سڕبیا، لەم قۆناغەدا لە پێناو بەدەستهێنانی پلەی دووەمدا دەجەنگێن و دەیانەوێت بە باشترین ئاستیانەوە دەربکەون.
کۆمەڵەی چوارەم: لەم کۆمەڵەیەدا یارییەکی بەهێز ئەنجامدەدرێت، کاتێک فەڕەنسا و هۆڵەندا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، هاوکات هەڵبژاردەکانی نەمسا و پۆڵەندا با ئاسانی خۆیان نادەن بەدەستەوە و دەبنە ئاستەنگێک لە پێش فەڕەنسا و هۆڵەندا.
کیلیان ئمباپێ لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: ''بەدەستهێنانی یۆرۆ سەختترە وەک لە بەدەستهێنانی جامی جیهانی''، بۆیە بە پێ گوتەی کاپتنی فەڕەنسییەکان بێت، دەبێت هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان خۆیان زیاتر ماندوو بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بۆ جاری سێیەم نازناوی یۆرۆ بەدەستبهێنێت.
کۆمەڵەی پێنجەم: لەم کۆمەڵەیەدا هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، ڕۆمانیا، سلۆڤاکیا و ئۆکرانیا ڕووبەڕوو دەبنەوە، بەلجیکا بە ئاستێکی نایابدا تێدەپەڕێت و لە دوای شکستەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب لە مۆندیالی 2022، بەلجیکا دووچاری هیچ شکستێک نەبووەتەوە.
کۆمەڵەی شەشەم: پۆرتوگال، چیک، تورکیا و جۆرجیا لەم کۆمەڵەیدا ڕووبەڕوو دەبنەوە و پۆرتوگال چانسێکی گەورەی هەیە بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو، بەڵام هەڵبژاردەکانی دیکە چانسیان هەیە بۆ سەرکەوتن و دەیانەوێت کێبڕکێی پۆرتوگالییەکان بکەن.

سەبسکرایبی هەواڵنامە و ئاگادارکردنەوەکانمان بکەن
© 2024 Audio Video Advertisement Entertainment & Sports Company For Satellite Broadcasting LTD.