هەڵبژاردەکان بۆتۆ
یاریزانێکی عێراق لە ئۆڵێمپیکی پاریس دوورخرایەوە
شەیری بکە لە:

شاندی هەڵبژاردەی عێراق
ئاڤا سپۆرت
ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵمپیکی پاریس بەڕێوەچوو، تێیدا هەزاران وەرزشوان و نوێنەرانی وڵاتان لەسەر ئاستی وڵاتان بەشداریان کرد، ئەوەی جێگەی سەرەنج بوو بۆ وەرزشوانان و میوانەکان، بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکەبوو لەنێو ڕووباری سین لە نزیک بورجی ئیڤل بوو، کە چەند کەسایەتییەکی کوردستان بەشداربوون، لەوانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر .
وێنە گەورەکە: لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا دەیان یاریزانی گەورە و بە ئەزموون ناسرا و بەشداریان کرد، زێدان یەکێک لە ئەستێرەکان بوو، کە مەشخەڵی ئۆڵێمپی هەڵگرتبوو، دواتر بەرەو ڕووی ئەستێرەی تێنسی سەرزەوەی رافایال نادال ڕۆیشت مەشخەڵەکەی دا بەو.
لە لایەکی دیکەوە: لە دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە هەواڵی ناخۆش بۆ عێراقییەکان بڵاوبوویەوە، کە یاریزانێکی بەهۆی دەرنەچوون لە پشکنینە پزیشکییەکان لە پاڵەوانێتییەکە دوورخرایەوە، تەنانەت ڕێگەیاننەدا لە ئاهەنگی کردنەوەی ڕێوڕەسمەکەدا بەشداری بکات.
چیرۆکە سەرەکییەکە: سەجاد غانم یاریزانی جودۆی عێراقی بووە یەکەمین وەرزشكاری ئۆڵمپیكی پاریسی 2024 لە پشكنینی ماددە قەدەغەكراوەكان دەرنەچوو، بەمەش بەشێوەیەكی كاتی لە پاڵەوانێتییەكە دوورخرایەوە، لە بەرامبەردا سەرۆكە كوردەكەی شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە ئۆڵمپیكی پاریس روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە.
ئاماژە خراپەکان: ئێوارەی رۆژی هەینی، ئاژانسی فرانس پرێس لە ڕاپۆرتە هەواڵێكدا ڕایگەیاندووە كە وەرزشكارێكی عێراق بە ناوی سەجاد غانم لە لایەن دەزگای پشكنینی نێودەوڵەتی (ITA) بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە، بەهۆی ئەوەی ماددەیەكی بەكارهێناوە لە نێو لیستی ماددە قەدەغەكراوەكانە و لە ڕیزی ماددە وزەبەخشەكانە.
ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ڕاگرتنەكەی سەجاد غانم كاتییە و پشكنینی زیاتری بۆ دەكرێت، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكات تا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، نێوبراو ناتوانێت بەشداریی لە هیچ راهێنان و پێشبڕكێ و چالاكییەكی ئۆڵمپیكی پاریس بكات تاوەكو ئەنجامی كۆتایی پشكنیینەكەی رانەگەیەندرێت، ئەوكات ماوەی سڕكردنەكەی دیاریی دەكرێت.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: بۆ ئەوەش كردووە سەجاد غانمی عێراق مافی ئەوەی هەیە تانە لە سڕکردنە كاتییەكەی بدات و بچێتە بەردەم دادگای ناوبژیوانی بۆ وەرزش تایبەت بە بەشی ماددە هۆشبەرەکان و دەتوانێت داوای شیكاری نموونەیی زیاتر بكات.
لێدوانی فەرمی: هەردە رەئوف سەرۆكی شاندی عێراق لە ئۆڵمپیكی پاریسی 2024 لە ڕێگەی ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند ئەو هەواڵە ڕاستە و لە لایەن دەزگای پشكینی نێودەوڵەتی (ITA) ئاگاداركراونەتەوە كە غانم لە پشكنینە سەرەتاییەكان دەرنەچووە.
زانیاریی زیاتر: هەردە رەئوف بەرپرسێكی وەرزشی كوردە و سەرۆكایەتی شاندی هەڵبژاردەی عێراق دەكات ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، لێكۆڵینەوە لەگەڵ ڕاهێنەرەكەی سەجاد غانم دەكرێت، دەشڵێت: غانم پێشتر نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەهۆیەوە ڕەنگە جۆرێك لە دەرمانی بەكارهێنا بێت.
باکگراوند: سەجاد غانمی 28 ساڵ، یاریزانی یانەی شورتە و هەڵبژاردەی جۆدۆی عێراقە و بەشدارە لە ئۆڵمپیكی پاریس، بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە لە پاڵاوتنەکانی -81 کیلۆگرامدا ڕووبەڕووی پاڵەوانی ئۆزبەکستانی شەرەفەدین بۆڵتابویڤ ببێتەوە.

سەبسکرایبی هەواڵنامە و ئاگادارکردنەوەکانمان بکەن
© 2024 Audio Video Advertisement Entertainment & Sports Company For Satellite Broadcasting LTD.