نەورۆز لە دێربی عێراق میوانداریی هەولێر دەکات

نەورۆز لە دێربی عێراق میوانداریی هەولێر دەکات

یاریزانانی هەولێر

13 تەممووز
ناوخۆ

ئاڤا سپۆرت


سبەی یەکشەممە، لە خولی ئەستێرەکانی عێراق گەڕی کۆتایی و 38 مینی خولەکە بەڕێوەدەچێت، لە گرنگترین یاریی ئەم گەڕەدا یانەی نەورۆز لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی هەولێر دەکات، هەردوو یانەکە مانەوەی خۆیان لە خولەکە مسۆگەر کردووە، یارییەکە کاتژمێر 5:00 لە یاریگەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

 

وێنە گەورەکە: هەولێر بە ڕاهێنەرایەتی سەمیر بابۆ، دوای زەحمەتییەکی زۆر توانی مانەوەی خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق مسۆگەر بکات، بابۆ  شێوازی یاریکردنی یانەی هەولێری بەتەواوی گۆڕی، زۆربەی یارییەکان بە پلانی هێرشبەری یاریدەکرد، سەرەڕای ئەوەی کێشەیەکی زۆر لە پێکهاتەکەی هەبوو، لە پێکانی یاریزانان و یاریی نەکردنی یاریزانەکان بەهۆی کارتی زەردەوە.

 

بابەتە ستراتیژییەکان: هەولێر لە ئێستاوە، بۆ وەرزی داهاتوو خۆی ئامادەدەکات، بڕیاریانداوە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکان بڕیار لەسەر مانەوە ڕۆیشتنی چەند یاریزانێکی یانەکە بدەن، بە تایبەتی پیشەگەرەکان، کە بەشێکیان لەسەرەتای وەرزەکەوە ئاستیان وەک پێویست نەبووە، هەولێر لە دوایین یاریی لەنێو یاریگەی خۆی توانی بە ئەنجامێکی گەورە لە یانەی کەربەلا بباتەوە، ئێستا هەولێر بە کۆکردنەوەی 40 خاڵ لە خانەی چواردەیەمی ڕیزبەندییەکە دێت.

 

لە لایەکی دیکەوە: یانەی نەورۆ، بەڕاهێنەرایەتی نزار مەحروس خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە، نەورۆز ئەم وەرزە بە دۆخێکی باشدا تێپەڕبوو، هەرچەندە لە ناوەڕاستی وەرزەکە، وەلی کەریم دەستی لەکارکێشایەوە و  یانەکەی جێهێشت، بەڵام دۆخی یانەکە بەراورد بە دۆخی هەولێر جێگیرتربوو، دواتر یانەکە ئەرکی یانەکەی بە نزار مەحروس بەخشی، نەورۆز ئەم وەرزە توانی لە یاریگەی خۆی لە یانەکانی جەویە و زەورا بباتەوە لەگەڵ یانەی شوڕتەش بە ٤ گۆڵ یەکسانبوون.


پێدراوە ڕاستەکان: یاریزانانی نەورۆز لە ئێستادا بەهۆی ئاست بەرزیان بازاڕیان گەرمە، ئیبراهیم تۆمیوا و قوەجەویە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، محەممەد سامی و محەممەد دلاوەر و دیار یاخی لە لایەن یانەکانی عێراقەوە گرێبەستیان پێشکەش کراوە.

 

باکگراوند: نەورۆز لە دوایین یاریی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی کارەبا یەکسان بوو، نەورۆز لە دوای 37 یاریی خاوەنی ٥٥ خاڵە و لە خانەی حەوتەمی ڕیزبەندییەکە دێت.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەگەر نەورۆز ئەم یارییە بباتەوە و دهۆک تووشی دۆڕانبێت نەورۆز دەچێتە خانەی شەشەمی ڕیزبەندییەکە کە وەرزی ڕابردووش لەم پێگەیە هات، بەڵام ئەگەر هەولێر لە نەورۆز بباتەوە ئەوا دەگاتە خانەی دوازدەیەمی ڕیزبەندییەکە.


زانیاریی زیاتر: یانەی شوڕتە گەڕی ڕابردوو نازناوەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردووە، دواتر توانی جامی عێراقیش لە قوەجەویە بباتەوە، بەڵام تا ئێستا سکاڵاکەی یانەی زاخۆ لە دژی یانەی شوڕتە یەکلانەبووەتەوە، هەروەها یانەی قاسمیش داوای 3 خاڵ لە یانەی زاخۆ دەکات، بەڵام تا ئێستا دادگای کاس چارەنووسی ئەم دوو سکاڵایەی یەکلانەکردووە، کە کاریگەریان لەسەر دابەزین و مانەوە و ڕیزبەندی یانەکان دەبێت.