زاخۆ جەوییەی لە بردنەوەی نازناوەكە دوورخستەوە

زاخۆ جەوییەی لە بردنەوەی نازناوەكە دوورخستەوە

ئەمجەد عەتوان

16 حوزەیران
ناوخۆ

ئاڤا سپۆرت


یانەی زاخۆ لە یارییەكی دواخراوی گەڕی 24 خولی ئەستێرەكانی عێراق توانی لە یانەی قوەجەوییە بباتەوە و جەوییەش لە بردنەوەی نازناوەكە دووربخاتەوە.


چیرۆكە سەرەكییەكە: لە نیوەی یەكەمی یارییەكەدا یانەی زاخۆ هەوڵی گۆڵ تۆماركردنیان دەدا، بە تایبەت لە تۆپە جێگیرەكان، تا لە خولەكی 33 ئەمجەد عەتوان گۆڵی یەكەمی زاخۆی تۆماركرد.


لە لایەكی دیكەوە: لە نیوەی دووەم یانەی جەوییە هەوڵی ڕاستكردنەوەی ئەنجامەكەی دەدا، زاخۆییەكانیش بەهەموو جۆرێك بەرگرییان دەكرد، ئەیوب ئۆدیشۆی ڕاهێنەری جەوییە سەرجەم گۆڕانكارییەكانی لەبەرژەوەندی هێرشبەری ئەنجامدا، بەڵام گۆڵپارێز و بەرگریكارانی زاخۆ بەرپەرچی سەرجەم هێرشەكانی تیپی میوانیان دایەوە، زاخۆ بە گۆڵێكی بێوەڵام یارییەكەی بردەوە.


باكگراوند: یانەی زاخۆ بەم بردنەوەیە كۆی خاڵەكانی گەیاندە 58 خاڵ و خۆی گەیاندە ڕیزبەندی چوارەم، یانەی جەوییەش بە 66 خاڵ لە خانەی دووەم دێت و هەنگاوێك لە بردنەوەی نازناوەكە دووركەوتەوە.